ئێران و سووریا لە یارییەکی مێژووییدا رووبەڕوو دەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا کۆتاییدێن، دوایین یاریی ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە یارییەکی مێژوویی دەبێت، کاتێک هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و سووریا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
هەڵبژاردەی ئێران، وەک یەکێک لە باشترین هەڵبژاردەکانی ئاسیا، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، سەرجەم یارییەکانی بردەوە و بەیەکەمی کۆمەڵەکەی گەیشتووەتە ئەم قۆناخەی جامی ئاسیا، تیپەکە پڕە لە ئەستێرەی بەنێوبانگ کە لەسەر ئاستی ئەوروپا یارییدەکەن و ئەمڕۆ لە قۆناخی شازدەدا بەرامبەر سووریا یارییدەکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
یارییەکە کاژێر 19:00 لەسەر یاریگەی عەبدوڵلا بن خەلیفەی تایبەت بە یانەی دحێل بەڕێوەدەچێت، یاریگەکە تەنیا شوێنی 10 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە و چاوەڕواندەکرێت، سووریاییەکان یاریگەکە پڕبکەن بۆ ئەوەی پاڵپشتیی هەڵبژاردەکەیان بکەن.
 
هەڵبژاردەی سووریا یەکەمجارە لە مێژوودا لە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا یاری بکات، هەڵبژاردەکە پێشتر هەرگیز قۆناخی کرانە دەرەوەی لەم پاڵەوانێتییە کیشوەرییەدا بەخۆیەوە نەبینیووە و ئەمڕۆ بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران، دەیەوێت لە ئەرکێکی زەحمەتدا هەنگاوێکی دیکە بچێتە پێشەوە.
 

سووریا رۆژی سێشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لەژێر سەرپەرشتی هێکتۆر کۆپەر ئەنجامدا، دوای ئەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا وەک یەکێک لە باشترین سێیەمەکان سەرکەوتن، بەرامبەر ئێران یارییەکی مێژووییان دەبێت.
 
هەڵبژاردەی سووریا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکرد و بەو گۆڵە گەیشتنە ئەم قۆناخە، بەرامبەر ئێرانیش مێژوویەکی باشیان نییە و تەنیا یەکجار لەو هەڵبژاردەیەیان بردووەتەوە، ئەویش لە 1973 بووە.
 
براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و سووریا لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا، بەرامبەر براوەی یاریی ژاپۆن و بەحرەین یاریی دەکات و هەنگاوێکی دیکە لە رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە نزیکدەبێتەوە.
 
ئێران یەکێک لە بەربژێرەکانە بۆ بردنەوەی جامی ئاسیا، بەڵام هێکتۆر کۆپەر، راهێنەری هەڵبژاردەی سووریا دەڵێت "ئامادەکارییەکی باشمان بۆ یارییەکە کردووە، ئەمە هەلێکی مێژووییە و دەمانەوێت سوودی لێوەربگرین."