هەولێر شکستیهێنا و ئاسۆ رۆستەم لەگەڵ پاڵەوان کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەری کوردی هەڵبژاردەی عێراق، دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سالمیەی کوێتی، تاوەکو ئێستا بەبێ یانە ماوەتەوە و ئەمڕۆش کۆبوونەوەیەکی گرنگی هەیە.
 
میدیای عێراق بڵاویکردەوە کە ئاسۆ رۆستەم لەگەڵ یانەی شورتەی عێراقی گەیشتووەتە رێککەوتن و دەچێتە ئەو یانەیە، بەڵام یاریزانەکە لە رێگەی رووداوەوە رەتیدەکاتەوە، رێککەوتنی لەگەڵ هیچ یانەیەک هەبێت.
 
ئاسۆ رۆستەم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " لە هەولێر داوای 200 ملیۆن دینارم دەکرد، بەڵام نەگەیشتینیە رێککەوتن، ئەمڕۆ لەگەڵ یانەی شورتە کۆدەبمەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیکردن بە یانەکەوە بکەین، بەڵام هیچ رێککەوتنێکمان لەنێواندا نییە."
 
هێرشبەرە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق زیاتر گوتی " پێشتر لەگەڵ یانەی شورتە قسەمکردووە، بەڵام وەک کۆبوونەوەی فەرمی، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی نێوانمان دەبێت."
 
ئاسۆ رۆستەم، لە جامی کەنداودا ئاستێکی بەرزی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق پێشکێشکرد، بەڵام بەهۆی پێنەدانی مافە داراییەکانی لەلایەن یانەی سالمیەی کوێتییەوە یاریزانەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە هەڵوەشاندەوە، ئێستاش چەند یانەیەک لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و وڵاتانی عەرەبی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە لەسەر هێڵن، بەڵام هێشتا ئاسۆ بڕیاری کۆتایی نەداوە.
 
یانەی شورتەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی عێراقە، بەڵام لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی وەک پێویست نین، بۆیەش یانەکە دەیەوێت بەر لە داخستنی دەرگای گواستنەوەی زستانە ئاسۆ رۆستەم بباتە ریزەکانی.