فەرمی.. کانسێلۆ لە مان سیتییەوە بۆ بایرن میونشن

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشن بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ جواو کانسێلۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی مانچێستەر سیتی راگەیاند.
 
رۆژی دووشەممە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، جواو کانسێلۆ، لە مانچێستەرەوە چووە میونشن، بۆ ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان و پەیوەندیکردن بە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییەوە، دوای ئەوەی رێکارەکانی گرێبەستەکەشی تەواوکرد، یاریزانەکە بەشێوەیەکی فەرمی درێسی یانەی بایرن میونشنی بەرزکردەوە و پەیوەندیی بە یانەکەوە کرد.
 
گرێبەستی کانسێلۆ بۆ یانە ئەڵمانییەکە بەشێوەی خواستنەوە و ئەگەری کڕینەوەشی لەگەڵە، کە لە داهاتوودا بایرن دەتوانێت بەرامبەر 70 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەکە بکڕێتەوە.
 
جواو کانسێلۆ دوای پەیوەندیکردنی بە بایرن میونشنەوە گوتی " بایرن تیپێکی نایابە، یەکێکە لە باشترین یانەکانی جیهان، ئەمە وایلێکردم پەیوەندی بە یانەکەوە بکەم، بەتایبەت کە خاوەنی یاریزانی زۆرباشە، دەزانم ئەم یانەیە و تیپەکە ساڵانە لەگەڵ بردنەوەی نازناودا دەژیت، زۆر بەپەرۆشم بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەکە سەرکەوتن بەدەستبهێنم و هەموو توانایەکم لەپێناو بایرن میونشن دەخەمەگەڕ."
 
کانسێلۆ تەمەنی 28 ساڵە، لە ساڵی 2019 لە یانەی یوڤێنتوسەوە پەیوەندیی بە یانەی مانچێستەر سیتییەوە کرد، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لەلایەن پێپ گواردیۆلاوە گرنگیی پێنەدرا، یاریزانەکە بڕیاری رۆیشتنی دا و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە بەخواستن لە یانەی بایرن میونشن دەمێنێتەوە.