سەرۆکی یانەیەکی سعودیە: جگە لە مێسی، سەڵاح و دیماریا بیر لە کەسی دیکە ناکەینەوە

31-01-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مێسی دیماریا سەڵاح ئیتیحاد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنمار ئەلحائلی، سەرۆکی یانەی ئیتیحاد جەدەی سعودی دەڵێت " لیۆنێل مێسی بۆ ئێمە گونجاوترە وەک لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ."
 
ئەلحائلی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا دوای بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری سعودیە گوتی " شۆکی لەدەستدانی نازناوی وەرزی رابردووی خول، بووە هۆکاری بەرزکردنەوەی هۆشیاری یاریزانان و ئاستی بەرپرسیارەتیی لای ئەوان بەرزکردەوە، بۆیە دوای بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری سعودیە زیادەڕۆیمان نەکرد، ئەمە تەنیا سەرەتایە و دەمانەوێت بیرکردنەوەمان لای خول و یارییەکانی جام بێت و پشتبەخوا تاوەکو کۆتایی لە رکابەریکردن بەردەوامدەبین."
 
سەرۆکی یانەی ئیتیحاد زیاتر گوتی " هەموو پاڵەوانێتییەکان بۆ ئێمە گرنگن، ئیتیحاد یانەیەکی گەورەیە و لەرووی ژمارەوە دیارترین یانەیە، نونۆ سانتۆی راهێنەریش زۆر سەرسامبوو بە جۆش و خرۆشی یاریزانان، بەتایبەت کە داوای هیچ موڵەتێکیان نەکرد."
 
لەبارەی بردنەوەیان لە یانەی نەسڕ لە قۆناخی پێشکۆتاییدا، بەتایبەت کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو یانەیە یارییدەکات، ئەنمار ئەلحائلی گوتی " بردنەوەمان لە نەسڕ چاوەڕواننەکراو نەبوو، رێزمان لە تۆپی پێی سعودیە گرت، یارییەکە لەلایەن چەند کەناڵێکی جیهانییەوە گواسترایەوە و ئێمەش مامەڵەیەکی دروستمانکرد."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە لەنێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی کێ بۆ ئیتیحاد هەڵدەبژێرێت؟ سەرۆکی یانە سعودیەکە گوتی " من مێسیم بەلاوە باشترە، چونکە ئەو دەتوانێت زیاتر لە رۆناڵدۆ پێشکێشبکات، بۆیە رۆناڵدۆ بژاردەی دووەمە، وەک چۆن ئەوەی هەیبوو پێشکێشیکرد، بەڵام مێسی توانای ئەوەی هەیە دوو ساڵی دیکەش کاری نوێ بکات."
 
ئەلحائلی زیاتر گوتی " قسەکانی وەزیری وەرزش بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکان بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی گەورە، وایلێکردین هەست بە ئارامی بکەین، ئێمە جگە لە بیرکردنەوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانان لە ئاستی مێسی، محەممەد سەڵاح و دیماریا بیر لە هیچ شتێکی دیکە ناکەینەوە."
 
سەرۆکی یانەی ئیتیحادی سعودی دەڵێت " هەموومان متمانەمان بە وەزیری وەرزش هەیە بۆ پاڵپشتیکردن لە سەرجەم یانەکان، چاوەڕێی وادەی دەستپێکردنی گواستنەوەی هاوینی داهاتوو دەکەین و میکانیزم و شێوازی کارکردنمان بۆ ئەنجامدانی گرێبەستەکانی داهاتوو بۆ هاندەرانمان رووندەکەینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە