بارسێلۆنا دەیەوێت لە دوایین ساتەکانی گواستنەوەدا ئەستێرەیەکی مۆندیال بگوازێتەوە

31-01-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانه‌ی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بە خێرایی هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی مەغریب دەستپێکردووە و دەیەوێت ئەمڕۆ کارەکانی گرێبەستەکەی تەواوبکات.
 
میدیای ئیسپانیا رایگەیاند، یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت سوفیان ئەمرابت، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی فیۆرێنتینای ئیتاڵی بباتە ریزەکانی و ئەمڕۆ کارەکانی گواستنەوەی تەواوبکات.
 
بەپێی قسەکانی جێرارد رۆمێرۆ، رۆژنامەڤانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، کارگێڕیی یانەکە دەیەوێت لە دوایین ساتەکانی گواستنەوەی یاریزاناندا ئەو یاریزانە بەشێوەی خواستن بباتە ریزەکانی، بەبێ ئەوەی هیچ بەندێک لە گرێبەستەکەدا هەبێت کە لە داهاتوو رێگە بە یانە کەتەلۆنییەکە بدات یاریزانەکە بکڕێتەوە.
 
ماوەیەکی زۆرە ناوی ئەو یاریزانە بەهۆی ئاستبەرزییەکەیەوە لە مۆندیالدا، بە یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بەستراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا یاریزانەکە لە ئیتاڵیا ماوە و یانە ئینگلیزییەکە نەیتوانیوە فیۆرێنتینا بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە رازی بکات.
 
بارسێلۆنا لە گواستنەوەی ئەم زستانەدا هیچ گرێبەستێکی نەکردووە، ئەمشەو دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان دادەخرێت و لە ئەگەری گواستنەوەی سوفیان ئەمرابت، ئەو یاریزانە دەبێتە یەکەم گرێبەستی یانە ئیسپانییەکە لە گواستنەوەی ئەم زستانەدا.
 
سوفیان ئەمرابت، تەمەنی 26 ساڵە، لەگەڵ هەڵبژاردەی مەغریب ئاستێکی بەرزی لە مۆندیالدا پێشکێشکرد و رۆڵی گەورەی هەبوو، لە بردنەوەی پلەی چوارەمی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەکەدا، کە یەکەمجارە مەغریب لە مێژوویدا ئەو پلەیەی مۆندیال دەباتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە