رووداو دیجیتاڵ
کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی دەکرێت ببێتە سەرەتای دروستبوونی کێشەیەکی دیکە لە یانەی ریال مەدریددا.
گرێبەستی کەریم بنزیما لەگەڵ یانەی شاهانە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتاییدێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک دیارنییە، کە ئەو یاریزانە دەمێنێتەوە یانیش دواجار بڕیاری رۆیشتن دەدات.
لەگەڵ ئەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ بنزیما هەیە و رێزێکی زۆری دەگرێت، بەڵام ئەگەری هەیە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بنزیما لە دوای کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە بڕیاری رۆیشتن بدات.
رادیۆی مۆنتی کارلۆی فەرەنسی دەڵێت " پلانی داهاتووی زینەدین زیدان، راهێنەری پێشووی ریال مەدرید پەیوەندییەکی زۆری بە داهاتووی کەریم بنزیماوە هەیە و رۆڵی یەکلاکەرەوەی لە بڕیاری ئەو یاریزانەدا دەبێت.
بنزیما بەبێ هیچ دوودڵیەک لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوامدەبێت، ئەگەر هاتوو جارێکی دیکە ریال مەدرید زیدانی کردەوە راهێنەر، لە ئەگەری دوورخستنەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتیدا.
ناوی زینەدین زیدان لە ماوەی رابردوودا بە زیاتر لە یانەیەک بەستراوەتەوە، یوڤێنتوس، بایرن میونشن، پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید ئەو یانانەن، ئەمەش دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسی بڕیارییدا گرێبەستی دیدێ دیشام تاوەکو هاوینی 2026 نوێبکاتەوە.
ئەگەر بنزیما بیر لە رۆیشتن لە ریال مەدرید بکاتەوە، ئەوا کێشەکانی ریال مەدرید زیاتر دەبن، بەتایبەت کە یانەکە ئێستا لە باشترین کاتەکانیدا نییە و بیرکردنەوەی یاریزانەکەش بۆ بەجێهێشتنی یانەکە کێشەکان زیاتر دەکات و بارودۆخی یانەکەش ئاڵۆزتر دەکات.
ریال مەدرید بۆ شوێنگرتنەوەی کەریم بنزیما هیچ هێرشبەرێکی نییە، کە رۆڵی ژمارە 9 ببینێت و کاریگەریی لەسەر هێڵی پێشەوەی یانەکە هەبێت، بەتایبەت کە میدیای ئیسپانیا دەڵێت " لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ماریانۆ دیازیش لە یانەکە دەڕوات."
ریال مەدرید ئەنجامەکانی لەم دواییەدا باش نین، لە پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگایە و نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای لەدەستدا، لوکا مۆدریچ تەمەنی بەرزبووەتەوە و یانەی نەسڕ داوای دەکات، تۆنی کرووس بیر لە وازهێنانی یەکجاری دەکاتەوە و دوای رۆیشتنی کاسیمێرۆش هێڵی ناوەڕاستی تیپەکە ئاستی دابەزیووە، بۆیەش بیرکردنەوەی بنزیما بۆ رۆیشتن لە یانەکە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر یانەکە و پێکهاتەی تیپەکە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ