یەکەم هەڤپەیڤینی لیۆنێل مێسی دوای مۆندیال: داوای هیچ شتێکی دیکە لە خوا ناکەم

31-01-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی پاڵەوانی جیهان، دوای بردنەوەی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، یەکەم هەڤپەیڤینی رۆژنامەڤانی کرد، کە لەگەڵ رۆژنامەڤان ئاندی كوزنيتسۆڤ، لە رادیۆی Urbana بوو.
 
تەواوی ئەو هەڤپەیڤینەی لیۆنێل مێسی لەم راپۆرتەدا پوخت دەکەینەوە:
 
لیۆنێل مێسی، هەمیشە سوپاسی خوا دەکەم، چونکە دەمزانی مۆندیالم پێدەبەخشێت، پێشتر هەستم دەکرد کە ئەوە دەبێتە راستی، بۆیە هەموو رۆژێک لە ژیانمدا سوپاسی خوا دەکەم، چونکە مۆندیالی پێبەخشیم، ناتوانم داوای زیاتر لەوەی پێیداوم لە خوا بکەم.
 
مێسی زیاتر گوتی "زۆر بەبەختم، زۆر خەونم بەم نازناوەوە دەبینی، ئەوەی من ویستم لە ژیانی پیشەییمدا بەدەستمهێنا، بەڵام بەڕاستی هەموو ئەوانەی خەونم پێیانەوە دەدیت بچووکتر بوون لەوانەی روویاندا و بوون بە راستی".
 
ئەستێرەی ئەرجەنتینی، باسی ئاهەنگەکانی سەرکەوتنی کرد، کە لە ئەرجەنتین بەشێوەیەکی شێتانە بەڕێوەچوون و گوتی "هاوبەشکردنی هەستەکانم لەگەڵ هاندەران ئەوەیە کە لە ناخمدا هەستی پێدەکەم، هەستی خێزانەکەم و هاوڕێکانم و هەموو ئەرجەنتین، هەموویان زۆر لەوە گەورەتربوون کە من خەیاڵم دەکرد".
 
ئەو گوتیشی "ئاهەنگەکانمان لە ئەرجەنتین لەگەڵ ئەرجەنتینییەکان شێتانە بوون، مایەی دڵخۆشی بوون، زۆر چێژم لێیانوەرگرت سەرەڕای ئەوەی ئەو رۆژە تەنیا یەک دوو کاژێر خەوتبووم، بەڵام جۆش و خرۆشی ئەو هاندەرانە نەیهێشت بخەوم، کە هەر لە بەرەبەیانەوە قەلەباڵخی لە پایتەخت دروستبووبوو، بەڕاستی شێتانە بوو، تا ئەو راددەیەی کە ناتوانم وەسفی ئەو حەماسەت و جۆش و خرۆشی و دڵخۆشییەی خۆمان و هاندەرانمان بکەم، بەڕاستی کۆبوونەوەی 5 ملیۆن کەس کارێکی ئاسان نییە، باوەڕپێنەکراوە".
 
لیۆ ئینجا باسی خۆی و هاوڕێکانی و ئەو کۆششەیانی کرد، کە لە مۆندیالدا کردیان تاوەکو بە ئامەنج گەیشتن و گوتی "کارێکی زۆر و شێتانەمان ئەنجامدا تاوەکو گەیشتین بە ئامانجەکەمان، هیچ زمانێک نییە بۆ ئەوەی وەسفی گەورەیی ئەو دڵخۆشییەمان پێبکەین".
 
رۆژنامەڤانەکە لێیپرسی، هەستت چۆن بوو کاتێک جامی مۆندیالت بینی؟ راستەوخۆ ماچت کرد؟ لیۆ لە وەڵامدا گوتی "کاتێک جامی مۆندیالم بینی، بەو جوانییە لەو یاریگە جوانەدا دەبریسکایەوە، نەمتوانی خۆم رابگرم، وەک ئەوەی جامەکە پێمبڵێت وەرە دەستم لێبدە،  وەک نازناوی راستەقینەی خۆت بەرزم بکەرەوە".
 
لیۆ هەروەها زیاتر لە وەسفی جامەکەدا، گوتی "سەیری درەوشانەوەی جامەکەم دەکرد، یەکسەر چووم ماچم کرد و لە باوەشم گرت".
 
سەبارەت بەوەی زۆر لە کەسایەتییە وەرزشی و سیاسییەکان و تەنانەت هاوڕێکانیشی نامەی پیرۆزباییان بۆ ناردووە و وەڵامی نەداونەتەوە، مێسی گوتی "بۆ من قورسە وەڵامی هەموو ئەو پەیامانە بدەمەوە کە بۆم دێن، لە ئینستاگرام نزیکەی ملیۆن نامەم بۆ هاتبوو، تەنانەت لەبەر ئەو هۆکارە ئەکاونتەکەم راگیرا، بۆیە ناچاربووم زۆربەی نامەکان بسڕمەوە بێ ئەوەی بیانخوێنمەوە".
 
ئەو زیاتر گوتی "بەهۆی زۆری ئەو پەیامانەی پیرۆزبایی کە بۆ من دەهاتن نەمتوانی وەڵامی زۆر لە ئەستێرەکان بدەمەوە، وەک رۆجێر فێدێرێر بە نموونە".
 
لیۆنێل مێسی، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "سوپاسگوزارم بۆ هەموو ئەو پیرۆزبایی و وشە جوانانەی لە ئەستێرەکانی جیهانەوە بۆم نێردراون، هەستێکی خۆشە کاتێک ئەستێرەکانی جیهان شانازیت پێوە دەکەن، هەرچەندە زۆر وەڵامی پەیام و نامە نادەمەوە، بەڵام لێرەوە دەڵێم سوپاس بۆ هەموو لایەک، بۆ هەموو ئەوانەی پیرۆزباییان ناردووە".
 
پاڵەوانی جیهان، لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، باسی ئەو وێنەیەی خۆی کرد، کە لە ئینیستاگرامدا ریکۆردی زۆرترین لایکی شکاند و گوتی "چاوەڕێی ئەوە نەبووم کە وێنەیەکی من ببێتە بەنێوبانگترین وێنە لە سۆشیال میدیادا، ئەوە زۆر دڵخۆشی کردم، بەڵام دەرکەوت کە خەڵکی چییان دەویست، ئەویش وێنەی من بوو لەگەڵ جامەکەدا".
 
لیۆ وەفاداری نواند و باسی دێیگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی ئەرجەنتینی کرد و گوتی "خۆزگە مارادۆنا لە ژیاندا مابا، چونکە ئەو جامەکەی پێدەدام، زۆر دڵخۆش دەبووم ئەگەر مارادۆنا جامەکەی پێشکەش بکردمایە، یان لانیکەم دەیبینی کە ئەرجەنتین بووەتە پاڵەوانی جیهان، ئەو هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی زۆر خۆشدەویست، مارادۆنا هەمیشە هێزی  پێدەدام".
 
لیۆنێل مێسی دووپاتیکردەوە کە مانگی مۆندیال مانگێکی سەرسوڕهێنەر بوو بۆ خۆی و خێزانەکەی، ئەو گوتی "تیاگۆ شێت بوو کە بینی من چۆن چێژ لە سەرکەوتنەکە وەردەگرم، ئەو دوای یارییەکەی هۆڵەندا گریا و ماتیۆش دوای دۆڕاندنەکەمان بەرامبەر سعودیە گریا".
 
لیۆ گوتیشی "دوای ئەوەی گەڕاینەوە ماڵەکەمان لە پاریس، بیری رۆژانی قەتەرمان دەکرد کە بەڕاستی رۆژانێکی خۆش بوون و چێژی زۆرمان لێوەرگرت".
 
لیۆنێل مێسی، پەسنی رۆڵی ستافی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی یەرجەنتینیشی دا و گوتی "ئەوان زۆر بلیمەتن، ئەوان هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەناسن، ئەزموونی یاریکردنیان هەبوو، بەهەمان ئەزمووندا تێپەڕیبوون کە ئێمە پێیدا تێدەپەڕین، دەزانن چۆن و کەی مامەڵەی گونجاو لەگەڵ رووداوەکاندا دەکەن".
 
زیاتر لە بارەیانەوە گوتی "مامەڵەکردن لەگەڵ تیپ و ژیری لە ئامادەکاری بۆ یارییەکان سیفەتە هەرە دیارەکەی راهێنەرانمان بوو، ئەوان دەیانزانی کە پێویستە چیبکەین، کاتێکی زۆری خۆیان بۆ ئامادەکاری و وردەکارییەکان تەرخان کردبوو، سوپاس بۆ خوا خوێندنەوەیان بۆ هیچ یارییەک هەڵە نەبوو، جگە لە یەکەم یاریی کە دۆڕاین".
 
لیۆنێل مێسی، ئینجا باسی دۆڕانەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی سعودیەی کرد و گوتی "لەوانەیە هەمووان پێیانوابێت زەحمەتترین ساتەکانی مۆندیال دۆڕاندنمان بوو بەرامبەر سعودیە، بەڵام لە راستیدا قورسترین یاری بۆ من یارییەکەی مەکسیک بوو، بەهۆی ئەوەی یارییەکە یەکلاکەرەوە بوو بۆ ئێمە، لە مەترسیدا بووین و دۆڕاندنمان واتا کۆتاییهاتنی مۆندیال بۆ ئێمە".
 
لیۆنێل زیاتر لەبارەی یارییەکەی مەکسیکەوە قسەی کرد و گوتی "پێموایە خراپترین یاریی بوو لە مۆندیالدا ئەنجامماندا، چونکە دەبووایە بەهەموو شێوەیەک براوەبین، بەڵام یەک دروشممان هەبوو، ئەویش بردنەوە یان بردنەوە، بەڵام دڵنیابووم لەوەی سەرکەوتن بەدەستدێنین".
 
لیۆنێل مێسی، لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەیدا، لەگەڵ رۆژنامەڤان ئاندی كوزنيتسۆڤ، ئاماژەی بەوەشکرد "پێش مۆندیالی 2014 گوتم خوا مۆندیالم پێدەبەخشێت، ئەوەبوو لە بەرازیل زۆر نزیکبووین لە بردنەوەی جامەکە، بۆیە هێشتا هەستم دەکرد خوا جامی جیهانیم پێدەبەخشێت و چاوەڕێی ساتێکی گونجاوبووم، هەرچەندە ئەوە دواکەوت بۆ مۆندیالی قەتەر، بۆیە ناتوانم داوای زیاتر بکەم، سوپاس بۆ خوا ئێستا خاوەنی هەموو شتێکم".
 
قسەکردن چووە سەر ئەو رووداوانەی لە یاریی ئەرجەنتین و هۆڵەندا روویاندا، بەتایبەتی کە مێسی تووشی جۆرێک لە تووڕەبوون بوو، بەرامبەر خان خالی راهێنەر و ڤیگۆرستی یاریزانی هۆڵەندا پەرچەکرداری هەبوو. لیۆ لەو بارەیەوە گوتی "پێمخۆش نەبوو ئەوە بەرامبەر ڤان خال بکەم، هیچ پلانم بۆ دانەنابوو، هیچ هاندەرێکی دەرەکی نەبوو، تەنانەت هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نەبوو کە لەنێوان ئەو و خوان رۆمان ریکێلمیدا روویدابوو".
 
ئەو زیاتر گوتی "هەموو ئەو شتانەم دەزانی کە پێش یارییەکە گوترابوون، هاوڕێکانم دەهاتنە لام و دەیانگوت بیستووته ڤان خال چیگوتووە؟!".
 
مێسی جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە حەزینەکردووە هەموو ئەو شتانە رووبدەن و گوتی "من ئەوەم پێخۆش نەبوو کە کردم و گوتم، بەتایبەت دوای رووداوی کیمیرا بۆبۆ، هەموو شتەکان لە ساتی تووڕەیی و دەمارگیریدا روویاندا".
 
لیۆنێل مێسی، هەروەها (بەپێکەنینەوه) گوتیشی "دەزانم کە بەهۆی قسەکەی منەوە (بۆبۆ) زۆر لە بەرهەمەکان فرۆشێکی باشیان هەبووە، رەواجی باشیان بەهۆی ئەو قسەیەوە پەیداکردووە".
 
کاپتنی تانگۆ، هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ساتەکانی سترێس و دەمارگیری و هەستیاری یارییەکە وایانلێکردووە ئەو هەڵسوکەوتانە بەرامبەر ڤان خال و ڤیگۆرست بکات.
 
لیۆنێل مێسی، باسی ئەو ساتەوەختەشی کرد، کە مۆنتیێل دەیویست دوا لێدانی یەکلاکەرەوەی نازناوەکە بۆ ئەرجەنتین جێبەجێبکات و گوتی "ئەو کاتەی مۆنتیێل دەیویست لێدانەکە جێبەجێبکات، بەخۆم دەگوت دەبێت کارەکە تەواوبکات و تۆپەکە بخاتە نێو تۆڕەوە، نابێت زیاتر ئازار بکێشین، داواشم لە خوا دەکرد ئەوەی لە هەموو ژیانمدا خەونم پێوە بینیوە پێمی ببەخشێت".
 
لیۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتیشی "دوای ئەوەی مۆنتێل تۆپەکەی خستە ناو تۆڕەوە، هێندە دڵخۆش بووم ناتوانم گوزارشتی لێبکەم، زۆر شت بە مێشکمدا هاتن، هەستم بەبوونی خۆم نەدەکرد، باوەڕم بەوە نەدەکرد کە نازناوەکەمان بەدەستهێناوە".
 
مێسی باسی ئەوە دەکات کە چۆن لە یاریگەوە قسەی لەگەڵ خێزانەکەی کردووە، دوای ئەوەی جامەکەیان بردووەتەوە، ئەو گوتی "دوای ئەوەی جامەکەمان بردەوە، لە یاریگەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەم قسەم کرد و پێمگوتن کە ئیدی ئازارەکان کۆتاییانهات، هەموو چونکە ئەوان زیاتر لە من ئازاریان چەشتبوو، بەهۆی ئەوەی پێشتر بە منیان دەگوت، گوایە بۆ وڵاتەکەم دڵسۆز نیم، ئەو قسانە زۆر بێزاریان دەکردم و ئازاریان دەدام، بەڵام بە بردنەوەی مۆندیال هەمووانم بێدەنگ کردن".
 
لیۆنێل مێسی، دووپاتیکردەوە کە تاوەکو ئێستا سەیری یاریی کۆتایی مۆندیالی نەکردووەتەوە، جگە لە ئاهەنگگێڕانی هاندەرانیان. هەروەها گوتیشی "خۆم ئینستاگرامەکەم بەڕێوەدەبەم و هیچ کەس و کۆمپانیایەک سەرپەرشتی ناکات". ئەو باسی ئەوەشی کرد کە منداڵەکانی لە ماڵەوە لاسایی شێوازی ئاهەنگگێڕانی ئیملیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێز دەکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەی ئیسپانیا جامی یۆرۆی 2024 بەرزدەکاتەوە. وێنە: AFP

ئیسپانیا بۆ چوارەم جار بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ

ئیسپانیا بۆ جاری چوارەم بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە کە لە یاریگەی ئۆلیمپیا ستادیۆم لە بەرلین بەڕێوەچوو، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئینگڵتەرای بردەوە.