ڤیدیۆ؛ محەممەد سەڵاح، میسری گەیاندە پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا

31-01-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی میسر هەڵبژاردەی مەغریب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد سەڵاح، جارێکی دیکە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە دۆڕان رزگارکرد و گەیاندییە قۆناخی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا.
 
هەردوو هەڵبژاردەی میسر و مەغریب لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و میسرییەکان دوای یارییەکی ماراسۆنی 2-1 بردیانەوە و بلیتی چوارگۆشەی زێڕینیان بەدەستهێنا.
 
لە خولەکی 7 سوفیان بوفال لە رێگەی لێدانی سزاوە مەغریبی بە گۆڵێک پێشخست و یارییەکە گەرموگوڕییەکی زیاتری بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی لەلایەن میسرییەکانەوە، کە هەوڵیاندەدا گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکەن، بەڵام نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی مەغریبییەکان بە گۆڵێک کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا محەممەد سەڵاح و هاوڕێکانی باشتر دەرکەوتن، کە ئەستێرەی لیڤەرپوول 8 خولەک دوای فیکەی دەستپێکردنی نیوەی دووەم گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی تۆمارکرد.
 
میسرییەکان زۆر هەوڵیاندا گۆڵی بردنەوە تۆمار بکەن و مەغریبییەکانیش ناوە ناوە هێرشی هەڵگەڕاوەیان دەبردە سەر گۆڵی فیرعەونەکان، بەڵام کاتی یاسایی بە 1-1 کۆتاییهات و پەنایان بردە بەر دوو گێمی زیادکراو.
 
لە گێمەی یەکەمی زیادکراودا و لە خولەکی 100 جارێکی دیکە محەممەد سەڵاحی باشترین یاریزانی یارییەکە دەرکەوتەوە و ئاسیستێکی بۆ هاوڕێکەی مەحموود حەسەن ترزیگێ کرد و ئەویش تۆڕی مەگریبی هەژاند، کە ئەمانە نەیانتوانی تاوەکو کۆتاییهاتنی نیوەی دووەمی زیادکراویش گۆڵی یەکسانبوون بەدەستبێننەوە. 
 
ئەشرەف حەکیمی و هاوڕێکانی بە فرمێسکەوە ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتییەکە کرد، محەممەد سەڵاح و هاوڕێکانیشی گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین، کە بەرامبەر کامیرۆنی میوانداری پاڵەوانێتییەکە یاری دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە