سەمیر بابۆ: قۆناخی دووەم بەبێ مێرکاتۆ و بێ پارە بەسەردەبەین

رووداو دیجیتال

سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "لە قۆناخی دووەمی خولی یانە نایابەکانی کوردستاندا، دۆخێکی سەخت و دژوار چاوەڕێی یانەکەمان دەکات".

یانەی پێشمەرگەی هەولێر، بە ئاستێکی بەرزەوە قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستانی تەواوکرد و بە پێشەنگی کۆمەڵەی دووەم هات، دوای ئەوەی لە 7 یارییدا، بە 4 بردنەوە و دوو دۆڕان و یەکسانبوونێک 13 خاڵی کۆکردەوە، بەڵام وادیارە رۆژانێکی زەحمەت لە چاوەڕوانی ئەو یانەیەدان لە قۆناخی دووەمی خولەکەدا، بەهۆی خراپی باری دارایی یانەکە.

سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر، باسی دۆخی تیپەکەی بۆ رووداو کرد و گوتی "بەداخەوە کە یانەکەمان لە دۆخێکی دارایی زۆر خراپدایە، هیچ پارەیەکمان لەبەردەستدا نییە، بۆیە ناتوانین مێرکاتۆ بکەین، ناتوانین هیچ یاریزانێک بهێنینە ریزەکانی یانەکەمان، کە لە راستیدا زۆر پێویستیمان بە یاریزانی نوێ هەیە".

بابۆ دووپاتیشیکردەوە کە ئەوەی دۆخەکەی خراپترکردووە ئەوەیە کە 4 یاریزانی سەرەکی پێکهاتەکەی تووشی پێکان بوونە و گوتی "بەو حاڵەشەوە توانیمان قۆناخی یەکەم بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەمان تەواوبکەین". 

ئەو گوتیشی "بەهۆی زۆری پێکانەکان، هەر لە قۆناخی یەکەمدا بەبێ یاریزانی یەدەگ یاریمان دەکرد، توانیمان قۆناخی یەکەم بەباشی تێپەڕبکەین، بەڵام بۆ قۆناخی دووەم کێشەکە لەوەدایە کە ناتوانین هیچ یاریزانێک بۆ شوێنی یاریزانە پێکراوەکان بێنینە تیپەکەمان".

راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر، سەبارەت بەوەی لە حاڵەتی نەبوونی پارە و نەچوونە نێو مێرکاتۆدا، چ پلانێکیان دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە، گوتی "کارەکەی من تەنیا لایەنە هونەرییەکەیە، ئەوەی دیکە کاری کارگێڕیی یانەکەیە، ئەوەی تایبەت بێت بە من، ناچارم یاریزانی لاو سەربخەم، کە چەند یاریزانێکی باشمان هەیە و سەرمخستوون بۆ تیپی یەکەم، بەڵام ئەوە کار و کۆششێکی زۆری دەوێت، من پێویستە کاری زۆرتر بکەم بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە لاوانە  بەباشی ئامادە بکەم".

سەمیر بابۆ، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە سەرەڕای هەموو بارودۆخەکان، ئەوان متمانەیان بە تیپەکەیان هەیە و هەموو شتێک دەکەن بۆ سەرکەوتن لە قۆناخی کۆمەڵەکان و گوتی "بە گەشبینییەوە قۆناخی دووەم بەبێ مێرکاتۆ و بێ پارە بەسەردەبەین و پشت بەخوا بلیتی سەرکەوتن بەدەستدێنین".