نۆڤاک جۆکۆڤیچ نازناوی تێنسی ئوسترالیای بەدەستهێنا


رووداو – هەولێر

نۆڤاک جۆکۆڤیچی سێربی بۆ شەشەمجار لە مێژوویدا نازناوی پاڵەوانیەتی کراوەی ئوسترالیای بەدەستهێنا، کە یەکەم پاڵەوانیەتی گراندسلامە لە سەرەتای ساڵ ئەنجامدەدرێت.





لە یاری کۆتایی پاڵەوانیەتییەکەدا جۆکۆڤیچ رووبەڕووی ئاندی مۆرای بەریتانی بووەوە و یارییەکەی بە سێ کۆمەڵەی بێبەرامبەر لێبردەوە و نازناوەکەی بردەوە.



یارییەکە دوو کاژێر و 53 خولەکی خایاند و جۆکۆ بە ئەنجامی سێ کۆمەڵەی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی خۆیدا یەکلاییکردەوە و نازناوەکەی بۆ شەشەمجار لە مێژوودا و دووەم ساڵ لەسەر یەک بردەوە.



ئەنجامی کۆمەڵەکانیش شەش یەک، حەوت پێنج و حەوت شەش بوو.



کۆی خەڵاتەکانی پاڵەوانیەتییەکە کە ماوەی دوو هەفتە بەردەوامبوو 44 ملیۆن دۆلارە و یەکەمین پاڵەوانیەتی گراندسلامە لە سەرەتای ساڵدا ئەنجامدەدرێت.