رووداو دیجیتاڵ
یانەی میلانی ئیتاڵی، رایگەیاند کە پاولۆ فۆنسێکای راهێنەری پۆرتوگالی لە ئەرکی راهێنەری تیپی یەکەم دوورخرایەوە، ئەمەش دوای ئەو زنجیرە ئەنجامە نەرێنییانەی کە تیپەکە لەم وەرزەدا تووشی بوو. میدیای ئیتاڵیاش دەڵێت "شوێنگرەوەی فۆنسیکا ئامادەیە".
یانەکە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی رایگەیاند و سوپاسی کرد بۆ ئەو ماوەیەی لەگەڵ یانەکەدا بەسەریبردووە.
لە بڵاوکراوەکەی میلاندا هاتووە "یانەی میلان دوورخستنەوەی پاولۆ فۆنسێکا له ئەرکی راهێنەری تیپی یەکەمی پیاوان رادەگەیێنێت، یانەکەمان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پاولۆ نیشان دەدات بۆ ئاستە پیشەگەرییە بەرزەی نیشانیدا و هیوای هەموو سەرکەوتنێکی بۆ دەخوازێت لە هەوڵەکانی داهاتوویدا".
بەگوێرەی میدیای ئیتاڵیا، بەرپرسانی میلان دوای یارییەکەی میلان بەرامبەر رۆما، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ فۆنسێکا ئەنجامدا، بەئامادەبوونی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ راوێژکاری تایبەتی یانەکە، بۆ ئەوەی بەفەرمی ئاگاداری بکەنەوە لەو بڕیارە، بەو پێیەی پێشتر یانەکە بڕیاری خۆی دابوو کە راهێنەرەکە دووردەخاتەو وراهێنەرێکی دیکە دەکرێتە شوێنگرەوەی.
میدیای ئیتاڵیا باس لەوە دەکات، کە لە چەند کاژێری داهاتوودا میلان راگەیێنراوێکی فەرمی بڵاودەکاتەوە، و تیایدا باس لە دانانی هاونیشتیمانەکەی سێرجیۆ کۆنسێساو وەک راهێنەری نوێ دەکرێت.
ئەو سەرچاوانە دووپاتی دەکەنەوە کە هەموو شتێک لەنێوان میلان و کۆنسێساو واژۆکراوە، کە لەماوەی چەند هەفتەیەکی رابردوودا 3 دەستەوارەی ئەورووپا و ئەمریکای باشووری رەتکردەوە، چونکە دەیزانی کە میلان سوورە لەسەر گرێبەست لەگەڵ کردنی.
میلان لە مانگی تەمموزی رابردوودا فۆنسێکای کردە راهێنەری، سەرپەرشتی 24 یاری کردووە، لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، کە 12 بردنەوە و 6 یەکسانبوون و 6 دۆڕانی لەگەڵ یانەکە هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ