ئەستێرەیەکی ریال مەدرید هەڕەشەی رۆیشتن دەکات

30-12-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئاندرێ لونین فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەستێرەیەکی ریال مەدرید دوای 6 ساڵ لە یاریگای بێرنابیۆ، هەڕەشەی رۆیشتن دەکات، ئەگەر فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە گرێبەستی رکابەرەکەی نوێ بکاتەوە.
 
یانەی ریال مەدرید پێشتر پلانی بۆ وەرزی داهاتوو داڕشتووە، هەرچەندە هێشتا داهاتووی هەندێک یاریزان روون نییە، تەنانەت ئاندرێ لونینی گۆڵپارێزیش بە یەکێک لەو یاریزانانە دادەنرێت کە داهاتووی روون نییە. 
 
گۆڵپارێزە لاوەکە لەم دواییانەدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2030 نوێکردەوە، بەو هیوایەی لە داهاتوودا ببێتە گۆڵپارێزی سەرەکی تیپەکە، بەڵام بەردەوامییەکەی لە تیپەکەدا گەرەنتی نییە، چونکە حەزدەکات خولەکی زیاتری یاریکردن بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی هەست بە گرنگی بکات.
 
لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەیدا، لونین مەرجێکی سەرەکی دانابوو، ئەویش ئەوەبوو کە خولەکی یاریکردنی تەواو بەدەستبهێنێت. هەرچەندە بەڵێنیدا وەک یاریزانێکی ئازاد لە تیپەکە نەڕوات، بەڵام لەگەڵ ریال مەدرید رێککەوتن لەسەر ئەوە کرا ئەگەر دەستەوارەی سەرنجڕاکێشی پێ بگات، یانەکە ئامادە دەبێت بۆ دانوستاندن لەسەر رۆیشتنی. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لونین گرێبەستێکی درێژخایەنی واژۆکردووە بەو پێیەی دەزانێت چەند بژاردەیەکی لەبەردەمدایە ئەگەر لە گواستنەوەکانی داهاتوودا بڕیاری جێهێشتنی تیپەکەی بدات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی، ئێستا لونین چەند دەستەوارەیەکی سەرنجڕاکێشی بۆ هاتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری خۆی نەداوە و بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی راگەیاندووە کە ئەگەر بەنیازی هێشتنەوەی کۆرتوایە بۆ چانەدین ساڵی دیکە، ناچارە لە یانەکە بڕوات.
 
ئەو هەرچەندە دڵخۆشە بە ژیان لە مەدرید و یاریکردن بۆ یانەی ریال مەدرید، بەڵام ئاواتەخوازە زیاتر بەشداری بکات بۆ ئەوەی هەست بە گرنگی خۆی بکات و بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی خۆی وەک گۆڵپارێز، چونکە تەمەنی 25 ساڵە، باشترین ساڵەکانی ژیانی وەرزشی هێشتا لەپێشە، هەر بۆیە خەون بەوە دەبینێت ببێتە جێنشینی کۆرتوا.
 
لەلایەکی دیکەوە لونین لەوە تێدەگات کە تیبۆ کۆرتوا تاوەکو ئێستاش بەباشترین گۆڵپارێزی جیهان دادەنرێت، هەروەها بەتەواوی قبوڵ دەکات کە بۆچی کارلۆ ئەنچێلۆتی پۆستی گۆڵپارێزی سەرەکی بە ئەستێرە بەلجیکییەکەی بەخشیوە، بەڵام لونین خاوەنی ئەو کەسایەتییە بەهێزەیە کە وای لێدەکات بڕیاربدات رکابەری لەسەر ئەم پۆستە بکات لەگەڵ کۆرتوا، کە تەمەنی 32 ساڵە و گرێبەستەکەی لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت، ئەگەر کۆرتوا بەردەوام بێت لە فۆڕمی ئێستای ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە بۆ چەند ساڵێک لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بەردەوام بێت، سەرەڕای ئەو دەستەوارانەی کە لە یانەکانی سعودیەوە پێگەیشتوون.
 
ئەگەر کۆرتوا لە وەرزەکانی داهاتوودا سەرکەوتوو بێت لە بەدەستهێنانی نازناوی گرنگ و هەست بکات ئاستی بەرەو دابەزین دەڕوات، لەوانەیە بڕیاری جێهێشتنی ریال مەدرید بدات و دواگرێبەستی گەورەی ژیانی وەرزشیی واژۆبکات. ئەمەیە کە لونین بیری لێدەکاتەوە، چونکە پاڵنەرەکەی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر کورسی یەدەگ چاوەڕێ بکات، بەو هیوایەی دەرفەتی خۆی بەدەستبێنێت.
 
ریال مەدرید دڵنیایی بە لونین داوە کە لە داهاتوودا ساتی خۆی دەبێت، ئەمەش وایلێکرد نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ تیپەکە قبوڵ بکات. وەرزی رابردوو لونین زۆر دڵخۆش بوو لە بەرگریکردن لە گۆڵەکەی ریال مەدرید، هەروەها رۆڵێکی درەوشاوەی بینی و رێزێکی زۆری بەدەستهێنا، بەجۆرێک کە لە ریال مەدرید هەست بە نەبوونی کۆرتوا نەدەکرا، سەرەڕای ئەوەی وەک باشترین گۆڵپارێزی جیهان ریزبەندی کرابوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە