چیرۆکی من.. ژیانی پێلێ لە پاککردنەوەی پێڵاوەوە تاوەکو بوون بە پاشای جیهان
رووداو دیجیتاڵ
لە پاککەرەوەی پێڵاوەوە بۆ ئەفسانەیەکی بێهاوتای تۆپی پێی، ئەو ئەفسانە بەرازیلییەی سەرەتا لەلایەن زۆربەی یانەکانی بەرازیلەوە رەتکرایەوە، بەڵام زۆری پێنەچوو و بەخێرایی بەهرەکانی ئاشکرابوون و وەک یەکێک لە گەورەترین بەهرەمەندەکانی تۆپی پێ ناسرا.
پێلێ ماوەیەکی زۆر بەدەست شێرپەنجەی کۆڵۆنەوە دەیناڵاند، بەر لەوەی لە تەمەنی 82 ساڵیدا بەیەکجاری ماڵئاوای لە جیهان بکات. لەم راپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر ژیان و کاروانی پیشەیی و وەرزشی گەوهەرە رەشەکەی بەرازیل.
ژیان و پەروەردەی پێلێ
ئەدیسۆن ئارانتێس دو ناسکیمنتۆ، یاریزانێکی پێشووی تۆپی پێی بەرازیلە و وەک هێرشبەر یاریکردووە، بە یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی هەموو سەردەمەکان دادەنرێت، تەنانەت فیفا بە "گەورەترین" وەسفی دەکات. پێلێ لە 23ـی تشرینی یەکەمی 1940 لە شاری ترێس کاراکۆسی بەرازیل لەدایکبووە.
باوکی لە یانەی فلومینێسیس دۆندینۆ یاری دەکرد، ئەو کوڕە گەورەکەی نێوان دوو برا بوو، بەهۆی داهێنەری ئەمریکی تۆماس ئەدیسۆنەوە بە ئەدیسۆن ناونراوە، هەروەها لەلایەن خێزانەکەیەوە نازناوی "دیکۆ"ی لێنراوە.
دوای ئەوە لە قوتابخانە نازناوی پێلێی پێدرا، بەو پێیەی زۆر سەرسام بوو بە یاریزانە دڵخوازەکەی و هەمیشە باسی دەکرد، ئەویش پێلێی گۆڵپارێزی یانەی ڤاسکۆ دیگاما بوو. پێلێ ئەوکات دەیزانی کە نازناوەکەی هیچ مانایەکی نییە، بەو پێیەی وشەی پێلێ لە زمانی پورتوگالیدا هیچ مانایەکی ناسراوی نییە، بەڵام لە زمانی عیبریدا ئەو ناوە بە واتای "پەرجۆ" دێت.
پێلێ لە ژینگەیەکی هەژاردا گەورە بووە، هەر لە تەمەنی گەنجییەوە لە قاوەخانەکان کاری کردووە، ئەو لە باوکییەوە فێری یاریکردن بووە، بەڵام هێندە هەژاربوون توانای کڕینی تۆپێکی نەبووە، بۆیە زۆرجار بە گۆرەوییەک کە پڕبووە لە پەڕی رۆژنامەکان و بە داوێک بەستراوەتەوە، یاری کردووە.
کاتێک گەنج بوو لەگەڵ زۆر لە تیپە میللییەکان یاری دەکرد، هەروەها یاری تۆپی پێی نێو هۆڵەکانی دەکرد، کە ئەوەش یارمەتیدا بۆ ئەوەی باشتر و خێراتر بیربکاتەوە بەهۆی کەمی شوێن و نزیکیی یاریزانەکان لە یەکدی، ئەو لەگەڵ تیپەکەیدا نازناوی چەندین پاڵەوانێتی ناوخۆیی بردەوە.
پەیوەندی و ژیانی هاوژینی
پێلێ 3 جار هاوسەرگیری کردووە، هەروەها چەندین پەیوەندی لەگەڵ خانمە جیاوازەکاندا هەبووە، لەگەڵیاندا چەند منداڵێکی هەیە. بۆ یەکەمجار لە 21ـی شوباتی 1966 لەگەڵ رۆزماری دۆس ریس شۆڵبی ژیانی هاوژینی پێکهێنا و دوو کچ و کورێکی لێببوو، لە ساڵی 1982 ئەو دوو هاوژینە جیابوونەوە.
لە ساڵی 1981 تاوەکو 1986 پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ پێشکەشکاری تەلەڤزیۆنی شوشادا هەبووە، کە تەمەنی تەنیا 17 ساڵ بووە کاتێک دەستیان بە پەیوەندی خۆشەویستی کردووە.
لە ساڵی 1994 لەگەڵ ئاسوریا لیمۆس سایکێساس، زانای دەروونناس و گۆرانیبێژ هاوسەرگیری کردووە، لە ساڵی 1996 دووانەیەکیان بووە، بە ناوەکانی جوشوا و سێلێست ناونراون، بەڵام لە ساڵی 2008 ئەو دوو هاوژینە جیابوونەتەوە.
جگە لە منداڵەکانی ژیانی هاوسەرگیری، دوو منداڵی دیکەی لە پەیوەندییە سۆزدارییەکانی پێشووی هەبووە، لەنێویاندا کچەکەی، ساندرا ماچادۆ، کە لە ساڵی 1964 لە پەیوەندی لەگەڵ ئەنیزیا ماچادۆی خزمەتکاری ماڵەوەی لەدایکبووە، کە ساڵانێکی زۆر تێکۆشا بۆ ئەوەی پێلێ دان بەوەدا بنێت کە کچەکەیەتی، بەڵام ئەفسانە هەر رەتیکردەوە پشکنینی DNA ئەنجام بدات.
تەنانەت دوای ئەوەی دادگاش بڕیاریدا کە کچە بایۆلۆژییەکەیەتی، پێلێ هەرگیز رازی نەبوو دانی پێدابنێت تاوەکو مردنی کچەکە لە ساڵی 2006. پێلێ هەروەها کچێکی دیکەی لە دەرەوەی پەیوەندی هاسەرگیری هەبووە بە ناوی فلاڤیا کورتز، کە ساڵی 1967 لە پەیوەندی لەگەڵ رۆژنامەنووس لینیا کورتز لەدایکبوو.
گەوهەرە رەشەکەی بەرازیل لە تەمەنی 73 ساڵیدا نیازی هاوسەرگیری لەگەڵ مارسیا ئاوکی تەمەن 41 ساڵ راگەیاند و لە ساڵی 2016 ژیانی هاوژینییان پێکهێنا.
دۆخی تەندروستی
پێلێ بە درێژایی تەمەنی تووشی چەندین کێشەی تەندروستی بوو، لە ساڵی 1977 گورچیلەی راستی دەرهێنا، لە ساڵی 2012 نەشتەرگەری بڕبڕەی پشتی بۆ کرا، لە ساڵی 2017 لە تیروپشکی مۆندیالی 2018 لە مۆسکۆ لەسەر کورسییەکی کارەبایی دەرکەوت، دوای مانگێک تووشی کێشەیەکی تەندروستی بوو، و رووی لە نەخۆشخانە کرد.
لە ساڵی 2019 بەهۆی هەوکردنی بۆڕی میزەوە لە نەخۆشخانە خەوێندرا و نەشتەرگەری بۆ لابردنی بەردی گورچیلەی بۆ کرا، هەروەها لە شوباتی 2020 ئیدینهۆی کوڕەکەی رایگەیاند کە باوکی دوای نەشتەرگەرییەکەی کە بۆ رانی کرابوو ناتوانێت بە پێ بڕوات.
لە مانگی ئەیلوولی 2021 نەشتەرگەری بۆ لابردنی گرێیەک لە لای راستی کۆڵۆن بۆی کرا، دواتر دەستی بە وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی کرد و ئاشکراکرا کە پێلێ تووشی شێرپەنجەی کۆڵۆن بووە، لە تشرینی دووەمی 2022 خرایە ژێر چاودێری چر و وەڵامدانەوەی بۆ چارەسەری کیمیایی نەما.
لە راپۆرتە پزیشکییەکەیدا دەرکەوت، ئەفسانەی تۆپی پێ تووشی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان بووە، بەڵام رۆژ بە رۆژ دۆخی تەندروستی تێکدەچوو، تاوەکو لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2022 دڵی بەیەکجاری لە لێدان کەوت و یەکێک لە گەورەترین ئەفسانەکانی تۆپی پێ ماڵئاوایی لە جیهان کرد.
کاروانی وەرزشی
لە سەرەتای چوونە نێو جیهانی تۆپی پێی، پێلێ بە بۆیاخکردن و پاککردنەوەی پێڵاو بژێوی ژیانی دابین دەکرد، بەڵام هەر زوو و لە تەمەنی 11 ساڵیدا تواناکانی لە تۆپی پێدا دۆزرانەوە، دوای تەنیا 4 ساڵ و لە تەمەنی 15 ساڵیدا پەیوەندی بە یانەی سانتۆسی بەرازیلییەوە کرد.
لە نێوان ساڵانی 1956 بۆ 1974، پێلێ ئاستێکی بەرچاوی لەگەڵ یانەکەدا پێشکەش کرد، نازناوی "گەوهەری رەشی" بەدەستهێنا، یان "مرواری رەش".
پێلێ یاریزانێکی جەستە و باڵا مامناوەند بوو، توانایەکی تەکنیکی گەورەی هەبوو، خاوەنی لێدانێکی بەهێزبوو بە هەردوو قاچەکانی، توانایەکی نائاسایی لە پێشبینیکردن هەبوو.
بەدرێژایی ژیانی وەرزشیی درێژخایەنی، پێلێ 10 نازناوی پاڵەوانێتی پاولیستای لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێنا (لە 11 پاڵەوانێتیدا بووە گۆڵکار)، 5 پاڵەوانێتی ریۆ ساوپاولۆ، 2 جامی لیبرتادۆرێس، 2 جامی ئینتەرکۆنتیناڵ لە ساڵانی (1962 و 1963) بەدەستهێنا، لە ساڵی 1962 یەکەم نازناوی پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیی یانەکانی بەدەستهێنا.
لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی
پێلێ یەکەم یاریی خۆی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل لە تەمەنی تەنیا 17 ساڵیدا ئەنجامدا و تەنانەت ئەوکاتەش سیحری پێلێ کلیلی نازناوی جیهانی بوو بۆ بەرازیل لە سوێد لە ساڵی 1958.
بەمشێوەیە قۆناخێکی سەرنجراکێشی کاروانی پێلێ لە پاڵەوانێتی جامی جیهانیدا دەستیپێکرد، کە خاوەنی کەسایەتییەکی ئەفسانەیی بوو، بە شێوازی یارییەکەی، توانای پێشبینی، کۆنترۆڵکردنی تۆپ و لێدانەکانی جیهانی سەرسام کرد.
لە مۆندیالی 1958 لە سوێد، گۆڵەکەی بەرامبەر وێڵز بووە هۆی ئەوەی بەرازیلییەکان بگەنە قۆناخی پێشکۆتایی بەرامبەر فەرەنسا، کە بە ئەنجامی 5-2 بردنەوەیان بەدەستهێنا و پێلێ هاتریکی تۆمارکرد.
لە یاریی کۆتاییدا، ماکینە بەرازیلییەکە زاڵبوونی خۆی بەسەر هەڵبژاردەی میوانداریی پاڵەوانێتییەکەدا سەپاند و بە ئەنجامی 5-2 لێیبردەوە، کە لەو یارییەشدا پیلێ هاتریکی تۆمارکرد.
زۆری نەخایاند تاوەکو لە ساڵی 1961 پێلێ نازناوی "پاشا"ـی بەدەستهێنا، کە ئەو نازناوە لەلایەن رۆژنامە فەرەنسییەکانەوە پێیدرا.
پاشان پێلێ ئەفسانەیی خۆی پشتڕاستکردەوە، کاتێک سەرکردایەتی هەڵبژاردەی بەرازیلی کرد بۆ بردنەوەی دوو نازناوی دیکەی جامی جیهانی، یەکەمیان لە مۆندیالی 1962ـی و دووەمیشیان لە مۆندیالی 1970ـی مەکسیک، کە ئەوکات جامی جیهانی بە جامی ژۆل ریمێ ناودەبرا.
پێلێ دوای بردنەوەی هەموو نازناوەکان و تۆمارکردنی زیاتر لە 1000 گۆڵ لە یارییە فەرمییەکان (1284 گۆڵ لە 1363 یارییدا)، لە ساڵی 1974 وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.
لە ساڵی 1975 گرێبەستی لەگەڵ یانەی نیویۆرک کۆسمۆسی ئەمریکی واژۆکرد، کە لە کۆمەڵێک ئەستێرەی بەنێوبانگ پێکهاتبوو، ئامانجیان رێکلامکردن بوو بۆ یاریی تۆپی پێ لە ئەمریکا، لە ساڵی 1977 بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا.
پێلێی ئەفسانە دوای وازهێنانیش چەندین خەڵات و رێزلێنانی وەرگرت، وەک خەڵاتی ئاشتی نێودەوڵەتی لە ساڵی 1978 و وەرزشکاری سەدە لە ساڵی 1980.
هونەر و سینەما و سیاسەت
پێلێ بووە خاوەنی زۆرترین مووچەی وەرزشوان، ئەو دەستی بە کارێکی تا راددەیەک سەرکەوتوو کرد لە بواری فیلم و سینەمادا، تەنانەت لە ساڵی 1981 وەک پاڵەوانی فیلم رۆڵی سەرەکی لە فیلمی جۆن هوستۆندا گێرا.
هەروەها پێلێ لە نووسینگەکانییەوە بەردەوام بوو لە بەجێهێشتنی کاریگەرییەکی بەرچاو لە جیهانی تۆپی پێدا، کە لە ساڵی 1995 وەک وەزیری وەرزشیی بەرازیل دەستنیشانکرا، پۆستێک کە لە رێگەیەوە یاسای بەناو پێلێی جێبەجێکرد، کە مەبەست لێی هەموارکردنەوەی یاسای گرێبەستە وەرزشییەکان بوو لە نێوان یانەکان و یاریزاناندا.
خەڵات و پۆستی شانازی
ــ ساڵی 2013 پێلێ خەڵاتی باڵۆن دۆری شانازی لەلایەن فیفاوە پێیبەخشرا.
ــ خەڵاتی رێزلێنان لە کۆمەڵەی نووسەرانی تۆپی پێوە پێیدرا.
ــ خەڵاتی سوارچاکی پێدرا، کە پلەیەکی سەربازی فەرماندەیی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیایە.
ــ میدالیای ئۆڵیمپی پێیدراوە.
ــ مەدالیای شایستەیی فیفای وەرگرتووە.
ــ خاوەنی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەمریکای باشوورە.
ــ نازناوی کەسایەتی وەرزشی بی بی سی و ئەستێرەی وەرزشی جیهانی لە ساڵی 1970 بەدەستهێناوە.
ــ مەدالیای ریۆ برانکۆی وەرگرتووە.
زانیاری دیکە
ــ پێلێ لە 1363 یارییدا 1281 گۆڵی تۆمارکردووە، هەروەها لە کتێبی گێنسدا ئەوە تۆمارکراوە کە پێلێ خاوەنی زۆرترین گۆڵی فەرمییە لە تۆپی پێدا.
ــ تاوەکو ئێستا گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەرازیلە، بە تۆمارکردنی 77 گۆڵ لە 92 یارییدا.
ــ پێلێ لە تەمەنی 17 ساڵ و 249 رۆژدا بووە بچووکترین یاریزان، کە لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی فیفادا بەشداری بکات، ئەوەش لە ساڵی 1958 بوو.
ــ لە مۆندیالی 1966 پێلێ بووە یەکەم یاریزان کە لە 3 پاڵەوانێتی مۆندیالدا گۆڵ تۆماربکات.
ــ پێلێ وەک هێرشبەر و هەم وەک دروستکەری یاری یاریدەکرد، هەروەها بەناوبانگ بوو بە لێدانەکانی دەبیلیۆ.
ــ پێلێ قورسایی و ناوبانگی سیاسیشی هەبوو، سەرکردایەتی زۆر لەو بزاڤ و رێکخراوە سیاسییانەی دەکرد کە ئامانجیان باشترکردنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی هەژاران بوو.
ــ لە ساڵی 1999 لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مێژوو و ئاماری تۆپی پێ وەک باشترین یاریزانی سەدە هەڵبژێردرا.