جامی هۆپمان دەستیپێکرد و ئەمڕۆش فێدرێر یاریی دەکات


رووداو – هه‌ولێر


پاڵەوانیەتیی جامی هۆپمان بۆ تێنس ئەمڕۆ شەممە لە ئوستڕالیا دەستیپێكرد و هەردوو یاریزانی ئەمەریكی جاك سۆك و كۆكۆ ڤاندێوەی بردنەوەیان تۆماركرد و سەركەوتنیان بەسەر رووسیادا بەدەستهێنا بە ئەنجامی دوو یاریی بێ بەرامبەر، ئەمڕۆش فێدرێر یاریی دەکات.

كۆكۆ ڤاندێوەی لە ئاستی خانماندا لە ئاناستازیا پاڤلیچینكۆڤای رووسی بردەوە و یەكەم بردنەوەی بۆ ئەمەریكا تۆماركرد.

لە یاریی دووەمدا لە ئاستی پیاوان، جاك سۆك بردنەوەی بەسەر كارین خاشانۆڤدا تۆماركرد و ئەمەریكا بە دوو بردنەوە پێشكەوت.

ئەمەریكا شەش جار جامی هۆپمانی بەدەستهێناوە و هەوڵدەدات ئەمجارەش یەكەم بێت.


كۆكۆ ڤاندێوەی

 لە لایەکی دیکەوە ئەستێرەی ناوداری تێنس رۆجێر فێدرێری سویسری خۆی بۆ پاڵەوانیەتیی جامی هۆپمان ئامادە دەكات و یەكەیەكی مەشقیی كراوەی لە ئوستڕالیا ئەنجامدا.

فێدێر لە شاری بێرس لە ئوستڕالیا بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر یەكەیەكی مەشقی ئەنجامدا، بە مەبەستی خۆئامادەكردن بۆ جامی هۆپمان، كە یەكێك لە پاڵەوانیەتییەكانی دەستپێكی ساڵە و بۆ هەڵبژاردەكانە و بە سیستمی تێكەڵاو ئەنجامدەدرێت.

تیپی سویسرا پێكدێت لە یاریزانان رۆجێر فێدرێر، بلیندا بینشیچ و ئەمڕۆ یاریی یەکەمیان بەرامبەر ژاپۆن ئەنجامدەدەن.

لە جامی هۆپماندا هەشت تیپ بەشداریی دەكەن، كە بەسەر دوو كۆمەڵەدا دابەشكراون و تیپی یەكەمی هەر كۆمەڵەیەك دەگەنە یاریی كۆتایی.

ئەو پاڵەوانیەتییە وەكو ئامادەكارییەكی سەرەكییە بۆ فێدرێر، كە خۆی بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانیەتیی كراوەی ئوستڕالیا ئامادە دەكات و هەوڵدەدات پارێزگاری لە نازناوەكەی بكات و بیستەم نازناوی گراند سلامیش بباتەوە.
پاڵەوانیەتیی كراوەی ئوستڕالیاش 15ی مانگی داهاتوو دەستپێدەكات.