سکاڵا لەسەر رۆناڵدۆ تۆماردەکرێت و داوای 1 ملیار دۆلاری لێدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆناڵدۆ بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندن داوای یاسایی لەسەر تۆماردەکرێت و داوای پارەیەکی خەیاڵی لێدەکرێت. 
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانەی پۆرتوگالی و یاریزانی یانەی نەسڕی سعودی، بەهۆی رێکلامکردن بۆ کۆمپانیای باینانس، کە کاری ئاڵوگۆڕکردنی دراوی ئەلیکترۆنی دەکات، داوای یاسایی لەسەر تۆماردەکرێت و داوای یەك ملیار دۆلاری وەك قەرەبوو لێدەکرێت.
 
ساڵی رابردوو رۆناڵدۆ لەگەڵ کۆمپانیای باینانس رێککەوتنێکیان ئەنجامدا و کۆکراوەیەكی "ئێن ئێف تی"ـیان بڵاوکردەوە، دواتر یاریزانەکە لە پەڕەکانی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا رێکلامی بۆ کرد و بڵاوی کردەوە. 
 
ئێن ئێف تی بریتییە لە سامانی دیجیتاڵی کە دەکرێت لەشێوەی میوزیك، وێنە، ڤیدیۆ یان فایل بێت و دەتوانرێت لە رێگەی کڕین و فرۆشتنەوە وەبەرهێنانی تێدابکرێت.  
 
ئەو خەڵکانەی داواکەیان لە دژی رۆناڵدۆ تۆمارکردووە دەڵێن کە ئەوان بەهۆی رێکلامەکانی رۆناڵدۆوە باوەڕیان بە کۆمپانیای باینانس کردووە و وایانزانیوە هەموو ئەو دراوانەی دیکەی کۆمپانیایەکە ئاڵوگۆڕی پێوەدەکات لە رووی یاساییەوە هیچ کێشەیان نییە، بەڵام دواتر وەك خۆیان دەڵێن بەشێك لە دراوەکان ساختەبوون و لە رووی یاساییەوە کێشەیان هەبووە و بەهۆی ئەمەشەوە پارەیەکی زۆریان زەرەرکردووە. 
 
کۆکراوەکە بە ناوی "CR7" لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو بڵاوکرایەوە و لەو کاتەدا رۆناڵدۆ گوتی "ئەمە وەك پاداشتێكە بۆ ئەو کەسانەی چەندین ساڵە هانی منیان داوە". لە کاتی بڵاوکردنەوەیدا هەرزانترین ئێن ئێف تی لە کۆکراوەکەدا نرخی 77 دۆلار بوو، کە ئێستا بەهاکەی لەدەستداوە و نرخی تەنیا 1 دۆلارە. 
 
جگە لە پۆستکردنی ئەو کۆکراوەیە، رۆناڵدۆ لە چەندین پۆستیدا لە سۆشیاڵ میدیا رێکلامی بۆ کۆمپانیای باینانس کردووە و لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا باینانسی لە لیستێك داناوە لە ژێر ناوی "من کار لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەکەم کە باوەڕم پێیانە". 
 
لە رابردوودا فلۆید مەیوێزەر، ئەفسانەی یاری بۆکسینگ بەهەمان هۆکار تۆمەتبارکرا و یاریزانەکە بە بڕی 750 هەزار دۆلار کەیسەکەی داخست، پێشبینی دەکرێت رۆناڵدۆش هەمان رێگە بگرێتەبەر بۆ ئەوەی کەیسەکە دابخات و لەوە زیاتر درێژە نەکێشێ.