مێسی ئامادە نییە لەگەڵ "گوێدرێژەکە"ـی ئینگلتەرا دابنیشێت

30-11-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی جیمی کاراگێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی پێشنیازی دەرکەوتنی لە بەرنامەیەکی تایبەت بە چامپیۆنزلیگ رەتکردەوە، کە لەلایەن کەناڵی سی بی ئێس سپۆرتەوە لە میامی پەخشکرا.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، هۆکاری رەتکردنەوەی داواکاریی تەلەڤزیۆنەکە لەلایەن مێسییەوە، جەیمی کاراگێری بەرگریکاری پێشووی یانەی لیڤەرپوول و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بوو، کە لە بەرنامەکەدا ئامادەبوو.
 
کاراگێر ساڵی رابردوو ئاشکرایکرد کە لیۆنێل مێسی پەیامێکی تایبەتی لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامەوە بۆی ناردووە، دوای ئەوەی رەخنەی لە رۆیشتنی بۆ پاریس سانجێرمان گرتووە، گوایە ئەفسانەی ئەرجەنتینی ئەوی بە "گوێدرێژ" وەسفکردووە.
 
پێدەچێت مێسی ئامادە نەبێت لێی خۆشبێت لەسەر ئەو لێدوانانەی، بەو پێیەی رەتیکردەوە لە گەڵ کاراگێر دابنیشێت.
 
کارمەندێکی کەناڵی سی بی ئێس سپۆرت، لە بەرنامەکەدا گوتی "دەزانن بانگهێشتنامەیەکی فەرمیمان بۆ ئینتەرمەیامی ناردووە، داواشمان لە مێسی کرد بەشداری بەرنامەکە بکات، دەزانن وەڵامی فەرمی چی بووە؟ روونە کە لیۆنێل مێسی لە هیچ بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا دەرناکەوێت کە جەیمی کاراگێر بەشداری تێدا بکات".
 
لەو کاتەدا تیمی بەرنامەکە باسیان لە بەراوردی نێوان مێسی و رۆناڵدۆ دەکرد و کاراگێر سەرەڕای ئەو هەڵوێستەی مێسی، گوتی "رۆناڵدۆ گەورەترین گۆڵکاری مێژووە، بەڵام مێسی باشترین یاریزانی مێژووە".
 
کاراگێر لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەنەبوونی مێسی لە بەرنامەکەدا بۆ خۆی وەک بلیتێکە بۆ نێوبانگ. پێش ئەوەی پرسیار لە ئامادەبووان بکات کە ئایا پێیان باشە لەبری ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بەشداری بەرنامەکە بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە