ئەمڕۆی یۆرۆپالیگ.. رۆما و مۆرینیۆ لە مەترسیدان

رووداو دیجیتاڵ

گەڕی پێنجەمی رکابەرییەکانی یۆرۆلیگ بەڕێوەدەچێت و یانە گەورەکانی پاڵەوانێتییەکە دەیانەوێت چارەنووسی خۆیان بە بەدەستهێنانی پێشەنگی کۆمەڵەکانیان یەکلابکەنەوە و سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەر بکەن.
 
لە کۆمەڵەی یەکەمدا، فرایبۆرگی ئەڵمانی و وێستهامی هەڵگری نازناو، تاوەکو ئێستا لەپێناو بلیتی قۆناخی داهاتوودا دەجەنگن و هەریەکەیان نۆ خاڵی کۆکردووەتەوە. لەم گەڕەدا فرایبۆرگ لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ئۆڵمپیاکۆسی یۆنانی یاریدەکات لەپێناو بردنەوە و تەواو بێئومێدکردنی یانە یۆنانییەکە. لە کاتێکدا وێستهام میوانی باچکای سڕبییە کە بێهێزترین یانەی کۆمەڵەکەیە.
 
مارسیلیا و برایتن لە کۆمەڵەی دووەمدا هەمان ئامانجیان هەیە، بەڵام یانە فەرەنسییەکە بەخاڵێک لەپێش برایتنەوەیە کە میوانی ئیک ئەسینای یۆنانییە و یارییەکە بۆ تیپەکەی دی زێربی گرنگ و هەستیارە. مارسیلیا دەیەوێت لە نێو فیلۆدرۆمەوە بلیتی گەیشتن بەقۆناخی داهاتوو مسۆگەر بکات کاتێک بەرامبەر ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندی یارییدەکات.
 
کۆمەڵەی سێیەم، هەوڵەکانی ریال بێتیسی ئیسپانی بۆ چوارەم بردنەوە لە پاڵەوانێتییەکە بەخۆوە دەبینێت. ئەو یانەیە ئەمشەو میوانی سپارتا پراگی چیکییە کە هێشتا ئومێدی پەڕینەوەی بەتەواوی لەدەستنەداوە، بەڵام گلاسکۆ رینجێرزی رکابەری راستەوخۆی بیتێس لە کۆمەڵەکەدا، لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ئاریس لیماسۆل یارییدەکات و ئەرکەکەی ئاسانە.
 
کۆمەڵەی چوارەم یەکەم و دووەمی ریزبەندییەکە کۆدەکاتەوە. ئاتڵانتای ئیتاڵی لە یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی سپۆرتینگ لیسبۆنا دەبێتەوە و یانە ئیتاڵییەکە دەتوانێ بەبردنەوەی یارییەکە سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر بکات.
 
لە کۆمەڵەی پێنجەمدا، سەرنجەکان لەسەر لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەبن، بۆ ئەوەی قەرەبووی شکستی لەناکاوی گەڕی پێشووی خۆی بەرامبەر تۆڵۆزی فەرەنسی بکاتەوە. یۆرگن کلۆپ و یاریزانەکانی دەتوانن بەبردنەوە لە نێو ئانفێڵددا، مشتومڕی پەڕینەوە بۆ قۆناخی داهاتوو یەکلابکەنەوە، بەڵام تۆڵۆز بەبردنەوە لە سانت جیلواز، دەتوانێ جارێکی دیکە ئەو مشتومڕە زیندوو بکاتەوە.
 
ڤیاریالی ئیسپانی کە یارییەکی کەمتر لە رکابەرەکانی ئەنجامداوە، ئەمشەو رووبەڕووی پاناسینایکۆس دەبێتەوە. گەیشتن بە نۆخاڵ لە چوار یاریدا ئومێدێکی گەورە دەداتە ئیسپانییەکان بۆ پەڕینەوە، بەڵام رێنی فەرەنسی کە ئەمشەو میوانی ماکابی حەیفای ئیسرائیلییە، دەیەوێت هەر ئەمشەو بلیتی سەرکەوتنی راستەوخۆی کۆمەڵەکە بۆ قۆناخی داهاتوو، بۆخۆی ببات.
 
رۆمای جۆزێ مۆرینیۆ کە گەڕی پێشوو ئومێدبڕانە بە سلاڤیا پراگ دۆڕاوە و بەوەش هەلی سەرکەوتنی خۆی خستووەتە ژێر گومانەوە، لە سویسرا چاوی لەبەدەستهێنانەوەی هاوسەنگی و سەرکەوتنە، کاتێک بەرامبەر سیرڤێت یارییدەکات. لە کاتێکدا سلاڤیا پراگ، میوانی شیریفە و دەتوانێ بەبردنەوەی ئەو یارییە، چارەنووسی رۆما بخاتە مەترسییەوە.
 
لە دوا کۆمەڵەی پاڵەوانێتییەکەدا، بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی کە وەک بەهێزترین یانەی پاڵەوانێتییەکە دەرکەوتووە، ئەرکی بەرامبەر هاکنی سوێدی ئاسانە کە هیچ بردنەوەیەکی نییە و دەتوانێ بلیتی کۆمەڵەکە بۆخۆی ببات و مۆڵدە و کارباخ ئەگدام، بەچارەنووسی قۆناخی پلەی ئۆف بسپێرێت.