گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ

رێوڕەسمی خەڵاتەکانی گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ بۆ ساڵی 2021 بەبەشداریی ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێی جیهان، راهێنەران، سەرۆکی یانەکان و چەند کەسایەتییەکی دیار بەڕێوەچوو و لیۆنێل مێسی جارێکی دیکە باڵۆن دۆری بردەوە.
 
رێورەسمەکە لە هۆڵی دۆ چاتێلێتی لە پاریس بەڕێوەچوو، کە هەمان شوێنی پێشکێشکردنی خەڵاتەکە بوو لە ساڵی 2019.
 
لیۆنێل مێسی  ئەرجەنتینی و ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بۆ جاری حەوتەم وەک یەکەم یاریزان لە مێژوودا خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی جیهان بردەوە، دوای ئەوەی توانیی 613 دەنگی رۆژنامەڤان بەدەستبهێنێت و بەرامبەر رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندی و یانەی بایرن میونشن سەرکەوت، کە ئەمیان 580 دەنگی بەدەستهێنا.
 
مێسی دوای بردنەوەی خەڵاتەکە گوتی " لە راستیدا کارێکی گەورەیە کە من ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدام، لەم وەرزەدا هەندێک سات بۆ من زۆر زەحمەت بوون، کەس نەیدەزانی لە داهاتوودا چی روودەدات، من دڵخۆشم لە پاریس، من زۆر چێژ لە یاریی تۆپی پێ وەردەگرم، دەمەوێت سوپاسی هەموو هاوڕێیانم لە پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا بکەم، هەروەها سوپاسی دەستەی هونەری و هاوڕێکانم لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکەم، ئەمە خەڵاتێکی جیاوازە، هەروەها ئەمساڵ نازناوێکی جیاوازمان بەدەستهێنا، کە کۆپا ئەمریکایە، کە زۆر چاوەڕێمان کرد".
 
جگە لە باڵۆن دۆری پیاوان، ئالێکسیا پوتێیاس، خەڵاتی باڵۆن دۆری خانمانی بردەوە، پێدری گۆنزالێس بووە باشترین یاریزانی لاو، جیانلویجی دۆنارووما، خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی بردەوە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی خەڵاتی باشترین گۆڵکاری بەدەستهێنا و یانەی چێڵسی ئینگلیزیش بووە باشترین یانەی جیهان.

لە رێوڕەسمەکەدا یەکەمجاربوو هەردوو خەڵاتی باشترین گۆڵکاری جیهان و باشترین یانەی جیهان دابەشبکرێن.