یۆرۆی 2020.. تیروپشکێکی زاڵمانە !

رووداو-هەولێر

تیروپشکی یارییەکانی یۆرۆی 2020 راکێشرا و هەر لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە رووبەڕووبوونەوە و یاریی ئاگرین لەخۆدەگرێت.

بوخارێستی پایتەختی رۆمانیا تیروپشکی یارییەکانی یۆرۆی 2020ـی لێراکێشرا و لە بەهیزترین و پڕرکابەریترین کۆمەڵەدا، هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و پۆرتوگال لە کۆمەڵەی شەشەمدا بەرامبەریەکدی یاریدەکەن.

فەرەنسای پاڵەوانی جیهان و دووەمی یۆرۆ تووشی ئەرکێکی زەحمەت دەبێت، بەهەمان شێوە بۆ پۆرتوگالی هەڵگری نازناوەکە و ئەڵمانیای خاوەنی سێ نازناو تیروپشکەکە زوڵمی لێکردن و ئەگەر هەیە یەکێكیان هەر لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە ماڵئاوایی بکات.

ئەوەی لە بەرژەوەندی ئەڵمانیایە لە کۆمەڵە ئاسنینەکەدا ئەوەیە کە سەرجەم یارییەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە خاکی خۆیدا دەکرێت، هەڵبژاردەی چوارەمی کۆمەڵەی شەشەمیش هێشتا دیارنییە و یەکێك لەو تیپانەی کە قۆناخی پاشکۆ دەکەن بە دیاریکراویش یەکێک لە هەڵبژاردەکانی هەنگاریا، بولگاریا، ئاسیلەندا یان رۆمانیا دەبێت.

یەکێک لە یاساکانی یۆرۆ کە لە پاڵەوانێتیی رابردوودا جێبەجێکرا لەسوودی هەرسێ هەڵبژاردە گەورەکەی کۆمەڵەی شەشەمە، ئەویش ئەوەیە کە چوار لە باشترین سێیەمەکانیش سەردەکەون.

لە کۆمەڵەی یەکەمیشدا هەڵبژاردەی ئیتالیا بەرامبەر بە هەڵبژاردەکانی سویسرا، تورکیا و وێڵز یاریدەکات، یارییەکانی ئیتالیا سەرجەمیان لە یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ لە رۆما دەکرێت بە یاری کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەشەوە.

هەڵبژاردەی بەلجیکا لە کۆمەڵەی دووەمدا شانبەشانی هەڵبژاردەکانی دانیمارک، فینلەندا و رووسیا یاری دەکات، دانیمارک هەرسێ یارییەکەی لە یاریگەی پارکێن ستادیۆم کە یاریگەی خۆیەتی دەیکات.

 هەڵبژاردەی هۆڵەندا ئۆکراینا، نەمسا و تیپێک لە پاشکۆی چوارەم لە کۆمەڵەی سێیەمدا یاری دەکەن، هۆڵەنداش هەرسێ یارییەکەی خۆی لە یاریگەی یۆهان کرۆیف ئارێنا دەکات.

لە کۆمەڵەی چوارەمدا هەڵبژاردەی ئینگلتەرا یاری بەرامبەر بە کرواتیا و چیک و یەکێک لە تیپەکانی پاشکۆ دەکات، سەرجەم یارییەکانی ئینگلتەراش لە یاریگەی وێمبڵی دەکرێن.

هەڵبژاردەی ئیسپانیاش تاڕادەیەک کۆمەڵەکەی لەوانەی دیکە ئاسانترە، کاتێک یاری بەرامبەر بە سوێد، پۆڵەندا و تیپێک لە پاشکۆ دەکات، یارییەکانی ئیسپانیاش سەرجەمیان لە یاریگەی سان مامێس لە بیلباو دەکرێن.

 ئەو شارانەی میوانداری یۆرۆی 2020 دەکەن:-
 
رۆما / باكۆ: یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەمیان تێدادەکرێن

سان پیتەرسپۆرگ و کۆپێنهاگن: یارییەکانی کۆمەڵەی دووەمیان تێدادەکرێن
 
ئەمستەردام / بوخارێست: یارییەکانی کۆمەڵەی سێیەمیان تێدادەکرێن
 
لەندەن / گلاسکۆ : یارییەکانی کۆمەڵيی چوارەمیان تێدادەکرێن

بیلباو / دەبلن: یارییەکانی کۆمەڵەی پێنجەم لە ئامێزدەگرن 

میونشن / بوداپێست: یارییەکانی کۆمەڵەی شەشەمیان لێدەکرێن
 
ئەگەر هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی رۆمانیا، ئایسلەندا، ئێرلەندا و هەنگاریا سەربکەون، راستەوخۆ دەچنە ئەو کۆمەڵەیەی کە یارییەکانیان لە یاریگەی خۆیاندا دەکرێن.
 
دەستپێکی یۆرۆ:-

 یارییەکانی یۆرۆی 2020 لە رۆژی 12/6/2020 دەستپێدەکەن و یاری کردنەوەش لە نیوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیتالیا و تورکیا دەبێت لە یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ لە رۆما.

یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان تاوەکو کۆتایی رۆژی  24/6 بەردەوام دەبن، لە هەر کۆمەڵەیەک یەکەم و دووەم سەردەکەون و چوار تیپیش وەک باشترین سێیەم لە هەر شەش کۆمەڵەکە سەردەکەون.
 
یاریگەی وێمبڵی لە لەندەن یاری کۆتایی و هەردوو یارییەکەی قۆناخی پێشکۆتایی لە ئامێزدەگرێت، یاری کۆتایی لە رۆژی 17/72020 ئەنجامدەدرێت.