ریڤەرپلەیت لە دەستنیشانکردنی سانتیاگۆ بێرنابیۆ نارازییە

30-11-2018
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریڤەرپلەیت
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی ریڤەرپلەیت سزایەکانی کۆنمیبۆل لەسەر یانەکەی رەتدەکاتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی ئاژاوەی هاندەرانی یانەکە یاریی گەڕانەوەی جامی لیبەرتادۆرێس دووجار دواخرا و بۆ یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ گواسترایەوە.

ریڤەرپلەیت لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە، لە رێگەی یاساییەوە تانە لە بڕیارەکانی کۆنفیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور دەدات، بەرامبەر ئەو سزایە داراییانەی لەسەر یانەکە دەستپێندرێن و یارییەکەش بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەگوازرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی هاندەرانی یانەکە بۆ دوو یاریی لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکاندا سڕدەکرێن.

لیژنەی هەڵسوکەوتی سەر بە کۆنمیبۆل بڕیارییداوە یانەیە ریڤەرپلەیت 400 هەزار دۆلار سزابدرێت، دوو یارییش لەو پاڵەوانێتییانەدا کە کۆنمیبۆل رێکیدەخات بەبێ ئامادەبوونی هاندەران ئەنجامبدات.

ئەم بڕیارانەی کۆنفیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور دوای ئەوە دێت کە رۆژی 24ـی ئەم مانگە بەر لەوەی یاریزانانی بۆکا جونیۆرز بگەنە یاریگەی مۆنۆمێنتال، هاندەرانی ریڤەرپلەیت هێرشیانکردە سەر پاسی یاریزانانی بۆکا و بەو هۆیەوە چەند یاریزانێک برینداربوون و یارییەکەش دووجار دواخرا و دوای ئەوەش بۆ یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ گواسترایەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە