ڤیدیۆ؛ مێندی بە پێکانەوە ئاهەنگ دەگێڕێت


رووداو - هەولێر

گۆڵەکەی رەحیم ستێرلینگ، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی لە دوا ساتەکاندا بەرامبەر یانەی ساوسهامپتۆن لەگەڕی 14ی پرێمەرلیگ هەموو یاریزانان و هاندەرانی یانەکەی خستە نێو ئاهەنگ و خۆشییەکی زۆر، بەڵام ئەوەی لە هەمووان زیاتر جێگەی سەرنج بوو بێنیامین مێندی، بەرگریکەری ئەو یانەیە بوو.

دوای ئەوەی ستێرلینگ لە خولەکی 96 گۆڵی سەرکەوتنی یانەکەی تۆمارکرد هەموو ئەندامانی دەستەی کارگێری و یاریزانەکانی یانەکە بۆ لای یاریزانەکە رایانکرد، بێنیامین مێندی، بەرگریکەری یانەکەش کە بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە لە تویتەری خۆی ڤیدیۆییەکی بڵاوکردووەتەوە و لە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت لەدوای گۆڵەکە ئەو یاریزانە بە شەلە شەل بۆ لای یاریزانەکە رادەکات و دوایێش دەگاتە لای یاریزانەکە و دەیەوێت سێلفی لەگەڵ ستێرلینگ بگرێت.



ڤیدیۆی راکردنەکەی مێندی بۆ لای ستێرلینگ لەنێو میدیای بەریتانیادا کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە و ماڵپەر و سۆشیاڵ میدیاشی تەنیووە.

مانچێستەر سیتی دوای بردنەوەی لە ساوسهامپتۆن بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک ژمارەی خاڵەکانی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ گەیاندە 40 خاڵ و 12 یارییە لەسەریەک دەباتەوە.