تێباس: ریال مەدرید بەهاکانی خۆی لەدەستداوە

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید خاڤیێر تێباس باڵۆن دۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی لالیگا، خاڤیێر تێباس، رەخنەی لە شێوازی مامەڵەی یانەی ریال مەدرید، لەگەڵ ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر گرت و گوتی ئەو یانەیە ماوەیەکی زۆرە بەهاکانی لەدەستداوە.
 
یانەی ریال مەدرید بایکۆتی ئاهەنگی باڵۆن دۆری کرد، پاشئەوەی لە دوا کاژێرەکانی بەرلە رێوڕەسمی خەڵاتەکە، ئاشکرابوو ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری ئەو یانەیە، براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر نابێت و خەڵاتەکە دەدرێت بە رۆدری، ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی و هەڵبژاردەی ئیسپانیا.
 
تێباس قسەی بۆ رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی کردووە لەبارەی بێبەشکردنی ڤینیسیۆس لە خەڵاتەکە، پاشئەوەی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکەیدا نازناوی چامپیۆنزلیگ، لالیگا و سوپەری ئەوروپای بەدەستهێنا.
 
تێباس وایداناوە کە دەبوو ریال مەدرید رۆحی وەرزشییانەی هەبێت و شاندەکەی بەشداری ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکان بکات.
 
تێباس دەڵێ، ریال مەدرید زێدەڕۆیی زۆریکرد لە بابەتی خۆپێشاندان وەک قوربانی، پاشئەوەی ڤینیسیۆس پلەی دووەمی لە لیستی باڵۆن دۆردا بەدەستهێنا.
 
سەرۆکی دەستەی لالیگا دووپاتیکردووتەوە ئەو هاندەری ریال مەدریدە، دەڵێ، "من هاندەری ریال مەدریدم، بەڵام بەهاکانی ئەو یانەیە ئەوەیە کە تۆ دەبێ کەسێکی خانەدان بیت و کاتێک دەدۆڕێی، تەوقە لەگەڵ براوە بکەیت".
 
تێباس زیاتر دەڵێ، "پێموایە ریال مەدرید ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەی لەدەستداوە و ماوەیەکی زۆریشە لەدەستیداوە. دەبوو ئەوان بچنە ئاهەنگەکە و گومان لە سیستمی دابەشکردنی خەڵاتەکە نەکەن".
 
تێباس کە پێشتر مشتوموڕ و ناکۆکیی زۆری لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید هەبووە دەڵێ، "تۆپی پێ روونە، 100 رۆژنامەڤان دەنگیانداوە و ناکرێ تۆ خۆت بەقوربانیی بزانی، ئەمە کارێکە زێدەڕۆیی تێداکراوە. ناشزانم ئەوان بەرەو کوێ هەنگاودەنین، چونکە ئێمە لە ئیسپانیاش لەم جۆرە خانەدانییە بێبەشین".
 
رۆدری بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا و بووە یەکەم یاریزانی پرێمەرلیگ لە دوای ساڵی 2008ەوە لە پاش کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەو خەڵاتە بەدەست بهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە