هاندەرانی ڤالێنسیا بۆسەیان بۆ ڤینیسیۆس ناوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە هاندەرانی یانەی ڤالێنسیا، شۆکێکی گەورەیان بۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری ریال مەدرید ئامادەکردووە لەو یارییەدا کە بڕیارە شەممەی داهاتوو لەسەر یاریگەی مێستایا ئەنجام بدرێت.
رۆژی شەممە، لە گەڕی 12ی خولی ئیسپانیا، ڤالێنسیا لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی ریال مەدرید دەکات. ڤالێنسیا لە دۆخێکی خراپدایە لە لالیگا و لە کۆی 11 یاری، تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و لە ریزبەندی بیستی خولەکەیە.
یارییەکەی ڤالێنسیا یەکەم دەرکەوتنەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر دەبێت لە یاریگەکاندا، پاشئەوەی لە شۆکێکی گەورەدا بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری لەدەستدا و رۆدری ئەستێرەی مانچێستەر سیتی ئەو خەڵاتەی بردەوە.
هەمووکات یارییەکانی ڤالێنسیا و ریال مەدرید تووندیی زۆر بەخۆوە دەبینێت، بەتایبەت پاش رووداوەکانی وەرزی رابردوو لەیاریی نێوان هەردوو یانە.
وەرزی رابردوو، کاتێک ریال مەدرید سەردانی یاریگەی مێستایای کرد، هاندەرانی ئەو یانەیە سووکایەتییان بەڤینیسیۆس کرد و دروشمی رەگەزپەرستییان بەرامبەری بەکارهێنا و ئەویان بە 'مەیموون' ناوبرد.
لە پاش یارییەکەی وەرزی رابردوو، بابەتی دژایەتیکردنی رەگەزپەرستی بەتووندی سەریهەڵدایەوە و ژمارەیەک هاندەری ڤالێنسیا کەلەو کارەوە گلابوون، سزای جیاوازیان بەسەردا سەپێنرا.
لە دوایین رووداوەکانی پەیوەست بەو یارییەی وەرزی رابردووی نێوان هەردوو یانە، دادگایەکی ڤالێنسیا بڕیاری بەندکردنی بۆ ماوەی هەشت مانگ، بەرامبەر سێ هاندەری یانەی ڤالێنسیا دەرکرد.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن، هاندەرانی ڤالێنسیا خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی هەمان سووکایەتی بە ڤینیسیۆس بکەن، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە هێشتا لەژێر کاریگەریی لەدەستدانی خەڵاتی باڵۆن دۆردایە.
رادیۆی 'کوبێ' دەڵێ، ژمارەیەکی بەرچاوی هاندەرانی ڤالێنسیا، دروشمی "تۆ یاریزانی کەنار دەریایت ڤینیسیۆس" بەدەنگی بەرز لە یاریگەدا دەڵێنەوە.
یارییەکە هەستەوەریی زیاتر بەخۆوە دەبینێت، بەتایبەت پاشئەوەی ریال مەدرید لە گەڕی پێشووی خولی ئیسپانیادا، کلاسیکۆی بەئەنجامێکی گەورە و بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بە بارسێلۆنای رکابەری دۆڕاندووە.
هاندەرانی ریال مەدرید و میدیاکان چاوەڕێی پەرچەکرداری تیپەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی دەکەن، پاش شکستە شۆکهێنەرەکەی کلاسیکۆ و بەشێکی هاوکاریکردنی ریال مەدرید بۆ گەیشتن بەسەرکەوتن لە یارییەکەدا، دەکەوێتە ئەستۆی ڤینیسیۆس جۆنیۆر.
ریال مەدرید، ئێستا پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگای گرتووە بە 24 خاڵ و شەش خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگی خولەکەوە دوورە.