ریال مەدرید لە گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکارێک نزیکە

30-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید بەرگریکەر
A+ A-

رووداو دیخیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی هەوڵدەدات گرێبەست لەگەڵ بەرگریکەرێکی نوێدا بکات لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.
 
ریال مەدرید نزیکە لەوەی لە هاوینی داهاتوودا هەریەکە لە داڤید ئالابا و ناچۆ فێرناندێزی بەرگریکەرانی یانەکە، ئازادبکات بۆ رۆیشتن بەرەو یانەیەکی دیکە و لە ئێستاوە بیر لە هێنانی شوێنگرەوەیەک دەکاتەوە.
 
میدیای ئیسپانیا گوتوویانە، ریال مەدرید هەریەکە لە گۆنزالۆ ئیناسیۆ، بەرگریکەری سپۆرتینگ لیسبۆنا و ئانتۆنیۆ سێلڤا، بەرگریکەری بێنفیکای پۆرتوگالی کردووەتە ئامانج.
 
سەرچاوەکان گوتوویانە، ئیناسیۆی تەمەن 22 ساڵ، بەربژێری سەرەکیی ریالە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیدا، بەڵام کارەکە زۆر قورسە یانەکەی بەئاسانی رێگەی رۆیشتنی بدات، چونکە بووەتە بەرگریکەرێکی سەرەکی یانەکە.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئیناسیۆ 60 ملیۆن یۆرۆیە، لە کاتێکدا ریال مەدرید تەنیا 50 ملیۆن یۆرۆی وەک بەرزترین بودجە بۆ هێنانی بەرگریکەرێکی نوێ تەرخانکردووە.
 
ئەو بەرگریکەرە هاوکات جێگەی بایەخی هەریەکە لە لیڤەرپوول و مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزییە و ریال مەدرید نایەوێت بکەوێتە دۆخێکەوە، نرخی یاریزانەکەی لەسەر گران بکرێت.
 
هەرچی ئانتۆنیۆ سێلڤایە، بەبێ 100 ملیۆن یۆرۆ لە یانەکەی نایەتە دەرەوە، چونکە ئەوە بڕی پارەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانەیە لەگەڵ یانەی بێنفیکا.
 
سەرچاوەکان گوتوویانە، ریال مەدرید پرسیاری لەبارەی ئەگەری ئەو بەرگریکەرەوە کردووە، بەڵام نرخەکەی بەزۆر بەرز دەزانێت، هەربۆیە ئەگەری چوونە پێشەوە پێناچێ لە ئارادابێت.
 
ریال مەدرید ئەمساڵ بەهۆی پێکانی درێژخایەنی ئیدێر میلیتاو، کێشەی لە هێڵی بەرگرییەکەیدا هەیە و لەئێستاوە دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ بەرگریکەری نوێدا بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە