ڤیدیۆ؛ فلامینگۆ بووە پاڵەوانی لیبرتادۆرێس

30-10-2022
ئیحسان تاهیر
Photo by Luis Acosta / AFP
Photo by Luis Acosta / AFP
نیشانەکردن فلامینگۆ لیبرتادۆرێس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی فلامینگۆ بۆ جاری سێیەم لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی جامی لیبرتادۆرێس، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ پارانێنسێ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
هەردوو یانە بەرازیلییەکە لەسەر یاریگای مۆنۆمێنتال ئیسیدرۆ رۆمیرۆ لە ئیکوادۆر، یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەیان ئەنجامدا و سەرکەوتن و بردنەوەی نازناوەکە بووە بەشی فلامینگۆ.
 
گابرێل باربۆسا ناسراو بە گابیگۆل، تاکە گۆڵی فلامینگۆ و یارییەکەی لە دواخولەکی نیوەی یەکەمدا تۆمارکرد، دوای ئەوەی سوودی لە پاسێکی ئیڤەرتۆن ریبێرۆی وەرگرت.
 
هەمان یاریزان لە پاڵەوانێتی لیبرتادۆرێسی ساڵی 2019 فلامینگۆی کردە خاوەن نازناوی دووەم، دوای ئەوەی دوو گۆڵەکەی بەرامبەر ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی تۆمارکرد، بە تایبەتی کە گۆڵی پاڵەوانێتییەکەی لە کاتی زیادکراودا تۆمارکرد.
 
پارانێنسی چەند خولەکێک بەر لە گۆڵەکەی فلامینگۆ، یاریزانێکی لەدەستدا، دوای ئەوەی پێدرۆ هێنریکی بە دوو کارتی زەرد لە لایەن ناوبژیوانەوە لە یارییەکە دەرکرا.
 
یانەکەی ریۆ دی جانیرۆ ژمارەی نازناوەکانی بۆ 3 نازناو بەرزکردەوە، لە ساڵانی 1981، 2019 و 2022 هاوتای یانەکانی ساوپاولۆ، پاڵمێراس، سانتۆس و گرێمیۆی بەرازیلی، لەگەڵ هەردوو یانەی ئۆڵۆمپیای پاراگوایی و ناسیۆنالی ئۆرۆگوایی کە ئەوانیش سێ نازناویان هەیە.
 
یانەی ئیندیپێندێنتی ئەرجەنتینی بە 7 نازناو پێشەنگی ریزبەندیی ئەو یانانەی کیشوەرەکەی گرتووە کە زۆرترین جامی لیبێرتادۆرێسیان بردووەتەوە.
 
نازناوی پاڵەوانێتییەکە بۆ چوارەم ساڵ لەسەریەک لە وڵاتی سامبادا مایەوە، بەهۆی پاڵمێراس و فلامینگۆ کە لە 4 ساڵی رابردوودا نازناوەکەیان لەنێوان خۆیاندا بەشکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە