ئەمڕۆ کلاسیکۆیە و هەزاران هاندەر ئامادەی بینینی دەبن

30-10-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دهۆک هەولێر کلاسیکۆی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە 8 ساڵ، جارێکی دیکە هاندەرانی تۆپی پێی کوردستان و عێراق، جارێکی دیکە بە بینینەوەی یاریی کلاسیکۆ شاددەبنەوە، کاتێک هەردوو یانەی دهۆک و هەولێر رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی خولی نایابی عێراق، کاژێر 19:30، لە یاریگەی خۆیدا و لەنێو هاندەرانیدا، یانەی دهۆک لە یاریی کلاسیکۆی کوردستاندا میوانداریی یانەی هەولێر دەکات، بۆ ئەم یارییە هەردوو یانە ئامادەکارییەکی زۆریان کردووە و نایانەوێت بە ئاسانی سێ خاڵی یارییەکەیان لە دەستبچێت.
 
سلێمان رەمەزان، راهێنەری یانەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " تارادەیەکی زۆرباش تیپەکەمان ئامادەیە، ئەم یارییە بەتەنیا بردنەوەی سێ خاڵ نییە، یارییەکی گرنگە و هاندەرانی هەردوو یانەش بەبێ بردنەوە بە هیچ شتێکی دیکە رازی نابن، هەرچەند چەند یاریزانێکمان بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن، کە هەمووان لە هێڵی بەرگریدان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەمانەوێت بەهێزەوە لە یاریگەدا دەربکەوین و سوود لەو هەڵانە وەربگرین کە لە یاریی رابردوودا روویاندا."
 
راهێنەری دهۆک زیاتر گوتی " هاندەرانی دهۆک پاڵنەرێکی بەهێزی تیپەکەن بۆ بردنەوە و پشت بەخوا لەم یارییەشدا دڵخۆشیان دەکەین."
 
ئەحمەد موناجد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " چەند رۆژێکی کەم بەر لەم یارییە گرنگە تیپەکەمان وەرگرتووە، پێویستیمان بە ئاشنابوونی زیاتر لەگەڵ یاریزانەکان هەیە، بۆ ئەوەی بیرۆکەکانمان بگەیێنین، پێشتر چەند یەکەیەکی مەشقیمان کردووە، یاریی بەرامبەر دهۆک چێژێکی تایبەتی هەیە، ئێمە هاتووینەتە سەر تیپێک متمانەی لەدەستداوە، بەتایبەت هەندێک یاریزان، کە دەبێت متمانەیان بۆ بگەڕێنینەوە و هەولێریش تیپێکی پاڵەوانە و ئێمە خاوەنی یاریزانی زۆرباشین، کە بەشێکیان تاوەکو ئێستا بەتەواوی ئامادەنەبوون، بەڵام هیوادارین بتوانین ئەنجامێکی باش لە یارییەکەدا بەدەستبهێنین و بە متمانەیەکی بەهێزەوە بگەڕێینەوە و ئەگەر یارییەکەمان بردەوە، دەکرێت جارێکی دیکە هەولێر بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکە و پێویستە هاندەرانیش کاتمان پێببەخشن و ناکرێت لەژێر گوشار کاربکەین، چونکە زیان بە تیپەکە دەگەیێنێت."
 
کارگێڕیی یانەی دهۆک بۆ ئەم یارییە ئامادەکارییەکی زۆری کردووە، چەند رۆژێک بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە، هەزاران بلیتی یارییەکە لە شوێنە گشتییەکانی شاری دهۆک فرۆشران، بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو رۆژێک بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە 80٪ـی بلیتەکانی یارییەکە فرۆشراون، تەنیا 2 هەزار بلیت مابوون، بۆ خێزانەکان و هاندەرانی هەولێر کە لە یارییەکەدا ئامادەدەبن.
 
دهۆک لە 4 یاریی رابردوودا دوو بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یانەکە لە خولەکەدا خاوەنی 8 خاڵە و پلەی نۆیەمی ریزبەندە، یانەی هەولێر دوای سێ شکستی لەسەریەک لە یاریی رابردوودا بەرامبەر حدوود یەکسانبوون و یانەکە تەنیا یەک خاڵی لە چوار یاریی رابردوودا بەدەستهێناوە.
 
دهۆک و هەولێر مێژوویەکی دوور و درێژیان بەرامبەر یەکدی هەیە، پێشتر 41 جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، دهۆک 14 یاریی لە یانەکەی پایتەخت بردووەتەوە، هەولێر خاوەنی 15 بردنەوەیە، 12 یاریی نێوان هەردوو یانەش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 
لەو 41 یارییەدا یانەی دهۆک 43 گۆڵی تۆمارکردووە و هەولێریش 49 جار تۆڕی یانەی دهۆکی هەژاندووە.
 
دوایین یاریی نێوان هەردوو یانە لە 14ـی شوباتی ساڵی 2014 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدراوە، لەو یارییەدا هەولێر بە 1-0 یارییەکەی بردبووە، کە لوئەی سەڵاح گۆڵەکەی تۆمارکرد، دوایینجار کە هەردوو یانە لە دهۆکیش رووبەڕووی یەکبووبنەوە هەر هەولێر یارییەکەی بردووەتەوە، کە رۆژی 14ـی نیسانی 2012 بووە.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە