ڤیدیۆ؛ دوو ئەرجەنتینی مان سیتییان گەیاندە قۆناخی هەشتی کاراباو کەپ

رووداو - هەولێر

یانەی مانچێستەر سیتی بەسەرکردایەتی دوو ئەرجەنتینی گەیشتە قۆناخی هەشتی جامی خولی ئینگلتەرا کاراباو کەپ، دوای ئەوەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی ساوسهامتۆنی بردەوە.

سیتی لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەپێکهاتەیەکی نیمچە یەدەگەوە یارییەکەی ئەنجامدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

لە خولەکی 20 نیکۆلاس ئۆتامێندی ستیزنزی کردە خاوەنی گۆڵی یەکەم، لە خولەکی 38 سێرجیۆ ئەگوێرۆ گۆڵی دووەمی بۆ تیپەکەی گواردیۆلا تۆمارکرد.

لە گێمی دووەمدا لە خولەکی 56 ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە گۆڵی سێیەمی بۆ تیپەکەی تۆمارکرد، دوای ئەوە لە خولەکی 75 جاک ستیڤێنز گۆڵێکی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، بەڵام هیچ کاریگەریەکی نەبوو و ساوسهامتۆن دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر لێستەر سیتی بە 9-0 برینەکانی قوڵتربوونەوە و مانچێستەر سیتیش گەیشتە قۆناخی هەشتەم.