ئه‌و كورده‌ی رۆناڵدۆ سێڵفی له‌گه‌ڵ گرت زانیاری زیاتر به‌ (رووداو) ده‌دات


"من سزا نه‌دراوم"


"به‌ڵێنیان پێداوم له‌ رێگه‌ی بۆدی گاردی كریسه‌وه‌ بمبه‌نه‌ لای رۆناڵدۆ"



تایبه‌ت به‌ رووداو

دیلمان به‌ختیار، ئه‌و كوڕه‌ كورده‌ى هه‌فته‌ى رابردوو بووه‌ جێگه‌ی باس و بایه‌خى میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ (رووداوى وه‌رزشی) گوت "خه‌ونه‌كه‌م هاته‌دی، به‌ڵام هه‌رگیز كارێكی وا ناكه‌مه‌وه‌، ده‌مه‌وێ ئه‌مجاره‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ بگه‌مه‌ رۆناڵدۆ".

هه‌فته‌ى رابردوو له‌ یارى نێوان هه‌ردوو یانه‌ى مانچێسته‌ر یونایتدی ئینگلیزی و یوڤێنتوسى ئیتاڵی له‌ شارى مانچێسته‌ر له‌ چوارچێوه‌ی گه‌ڕی سێیه‌می چامپیۆنزلیگدا، كوڕێكى كوردى نیشته‌جێی شارى مانچێسته‌ر خه‌ونى چه‌ندین ساڵه‌ى خۆى به‌دیهێنا، دواى ئه‌وه‌ى توانی به‌ هه‌ر جۆرێك بێت وێنه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ى پورتوگالی بگرێت. 

دیلمان به‌ختیار، له‌و باره‌وه‌ به‌ (رووداوى وه‌رزشی) گوت "له‌به‌ر خۆشه‌ویستیم بۆ رۆناڵدۆ له‌مێژبوو پلانم دانابوو بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌گه‌ڵى بگرم". له‌باره‌ی چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌یشی، گوتی "له‌ كاتی كۆتایی یارییه‌كه‌ كێشه‌ له‌نێوان هانده‌رانى مانچێسته‌ر یونایتد و پاسه‌وانانى یاریگه‌ دروستبوو، منیش ئه‌وه‌م به‌هه‌لزانى بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كاره‌ بكه‌م، راسته‌وخۆ خۆم خسته‌ نێو گۆڕه‌پانه‌كه‌ و رامكرد بۆ لاى كریستیانۆ، پاسه‌وانانى یاریگه‌ منیان گرت و له‌ زه‌وییاندام، رۆناڵدۆ پێیگوتن لێگه‌ڕێن بزانن چی ده‌وێ؟ پێمگوت ده‌مه‌وێ وێنه‌یه‌كت له‌گه‌ڵ بگرم، تۆم خۆشده‌وێی. گوتى مۆبایلت پێیه‌؟ گوتم به‌ڵێ، لێیوه‌رگرتم و سێڵفییه‌كی چركاند".

دیلمان، كه‌ خه‌ڵكی شارۆژكه‌ی چوارقوڕنه‌یه‌، خۆیشی یاریزانى تۆپی پێیه‌ و ئێستا بۆ تیپى شۆشال كلوپ وای ستار یارى ده‌كات و به‌ قسه‌ی خۆی پێشتر بۆ  چه‌ندین تیپى دیكه‌ له‌ به‌ریتانیا یاریكردووه‌ "له‌ داهاتوودا هه‌وڵده‌ده‌م له‌ یه‌كێك له‌ تیپه‌ گه‌وره‌كانى ئه‌و وڵاته‌ یارى بكه‌م". هه‌روه‌ها گوتی "من له‌ هه‌موو شتێك لاسایی رۆناڵدۆ ده‌كه‌مه‌وه‌".

دیلمان ئه‌وه‌ی بۆ (رووداوی وه‌رزشی) ئاشكراكرد كه‌ یه‌كێك له‌ هاوڕێ نزیكه‌كانی بۆدی گاردی رۆناڵدۆ په‌یوه‌ندی پێوه‌كردووه‌و به‌ڵێنی پێداوه‌ بیگه‌ینێته‌ لای رۆناڵدۆ "ئه‌گه‌ر بچمه‌ لای رۆناڵدۆ، درێسێك و واژوویه‌كی ئه‌وم ده‌وێ، من جارێكی دیكه‌ ئه‌و كاره‌ له‌نێو یاریگه‌كاندا ناكه‌مه‌وه‌". هه‌روه‌ها گوتیشی "ئه‌مجاره‌ باسی كوردیشی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م".

دیلمان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ زۆر له‌ رۆژنامه‌كانی به‌ریتانیا باسی ئه‌و رووداوه‌یان كردووه‌و گوتی "من شانازی به‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌هۆی ئه‌و سه‌ركێشییه‌مه‌وه‌ ببمه‌ جێگه‌ی باس و بایه‌خی میدیای به‌ریتانی".

هه‌ندێ له‌ سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌ڤانییه‌كان باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ دیلمان سزا دراوه‌و بۆ ماوه‌ی 11 مانگ نابێت بچێته‌ نێو یاریگه‌ی ئۆلترافۆرد، به‌ڵام ئه‌و ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ سزا درابێت و گوتی "به‌ فه‌رمی هیچ ئاگاركردنه‌وه‌یه‌كم بۆ نه‌هاتووه‌".