سەرپەرشتیارێكی ماراسۆنی هەولێر: 85% سەركەوتوو بووین

رووداو - هەولێر

سەرپەرشتیارێكی ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر دەڵێت ماراسۆنەكەیان 85% سەركەوتوو بووە، ئەوانەی فێڵیشیان كردووە لە پلەی یەكەمدا نین و مافی كەس نەخوراوە.

سەرتیپ فەریق، بەڕێوەبەری هونەری ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر سەبارەت بە گلەیی وگازندەی بەشێک لە بەشداربوانی ماراسۆنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت" راستە بەشێک لە بەشداربووان گلەییان لە شێوازی بەڕێوەچوونی ماراسۆنەکە هەیە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بەشدارییان کردووە، ئێمە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ماراسۆنەکە 12 کامێرای چاودێریمان دانابوون، جگە لە دوو کامێرای دیکە کە بەردەوام لەگەڵ بەشداربوان بوون".

سەبارەت بەو بەشداربووانەی لە ماراسۆنەكە فێڵیان كردووبوو و لەنێو پارك خۆیان خستبوە نێو بەشداربووانەوە، یان بە ئەمبوڵانس و پاسكیل دوورییەكەیان بڕیبوو، سەرەتیپ فەریق رایگەیاند" ئەوانەی کە بەفێڵ بەشداریان کردووە و هاتوونەتە نێو ماراسۆنەکە، هیچیان ناویان لە یەکەمەکاندا نییە و مافی كەس نەخوراوە، ئەوەی دەگوترێت لە پلەی یەکەمدان دوورە لە راستییەوە".

سەرتیپ فەریق سەبارەت بەشێوازی بەڕێوەچوونی ماراسۆنەکە گوتی " ئێمە وەک دەستەی بەڕێوەبەرانی ماراسۆنەکە زۆر لە شێوازی بەڕێوەچوونی ماراسۆنەکە رازیبووین و ، تەنانەت لە میدیا عەرەبییەکانیش بەشێوەیەکی باش وەسفی ماراسۆنەکە کراوە، بەگشتی 85% سەركەوتووبوو".

بەڕێوەبەری هونەری ماراسۆنەکە جیاوازی لەنێوان ماراسۆنی ساڵانی رابردوو لەگەڵ ماراسۆنی ئەمساڵدا کرد و گوتی " ئەوەی ئەمساڵ کرا زۆر جیاواز بوو لە ساڵی رابردوو، ئێمە توانیمان لەم کاتە ناخۆشەی هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، زیاتر لە 5 هەزار کەس بهێنینە سەر جادە و، بەشێوەیەکی ئارام و بەبێ هیچ کێشەیەک ماراسۆنەکە بەڕێوەببەین".