رۆناڵدۆ کارمەندی دەوێت.. سیڤییەکانتان بنێرن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی تۆپی پێ، بەدوای ژمارەیەک کارمەنددا دەگەڕێت بۆ یەکێک لە پڕۆژە بازرگانییەکانی.
 
هوتێلی 'بیستانا سی ئاڕ 7' کە یەکێکە لە بەناوبانگترین هوتێلەکانی مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا و رۆناڵدۆ خاوەنیەتی، رایگەیاندووە پێویستی بەکارمەندی نوێیە.
 
هوتێلەکەی کاپتنی نەسڕی سعودی چەندین پۆستی بەتاڵی راگەیاندووە، لەگەڵیدا ئۆفەری سەرنجڕاکێشی بۆ ئەوانە ئاشکراکردووە کە دەخوازن لە هوتێلەکەدا کاربکەن. دەڵێ سیڤییەکانتان بنێرن بۆ ناونیشانی هوتێلەکە.
 
هوتێلی 'بیستانا سی ئاڕ 7'، دەڵێ ئەوانەی ئامادەن بۆ کارکردن، هوتێلەکە دەیاننێرێتە بەر خولی مەشقکردن بۆ فێربوونی پیشە پێویستەکانی نێو هوتێلەکە وەک مەیگێڕ، سەرپەرشتیار، کارمەندی پرسگە و یاریدەدەر.
 
تاکە مەرجی هوتێلەکە بۆ وەرگرتنی کارمەندەکانی، بریتییە لە زانینی ئینگلیزییەکی زۆر باش.
 
هوتێلەکە چەندین خزمەتگوزاری و تایبەتمەندی بەکارمەندە نوێیەکانی دەدات، وەک گرێبەستی هەمیشەیی، بلیتی نانخواردن بەنرخی داشکێنراو لە زنجیرەکانی هوتێلەکە لە هەموو دونیادا.
 
هەروەها مووچەی کارمەندەکان 2300 یۆرۆی مانگانە دەبێت لەگەڵ 50 رۆژ پشوو بەمووچەوە لە ساڵێکدا و پاداشتی سەری ساڵیش.
 
کارمەندی وەرگیراو لە هوتێلەکەی رۆناڵدۆ، هەروەها 25 لەسەد داشکاندنی لە خواردنگەکانی هوتێلەکەدا بۆ دەکرێت کاتێک لەدەرەوەی کاتی کارەکەی بچێتە هوتێلەکە، بەڵام بەو مەرجەی کەسەکان بتوانن ماوەی تێست تێبپەڕێنن بەسەرکەوتوویی.
 
هوتێلەکە ماوەی تێستەکەی دیاریی نەکردووە، بەڵام ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە پێشکێشکاری کارەکە، دڵنیایی تەندروستی تەواوی پێدەدرێت و هیچ پارەیەک نادات بۆ ئەوە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ جیا لە درەوشانەوەی لە یاریگەکاندا، خاوەنی ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی بزنس و کاری جیاوازە لە چەندین بواری جیاوازدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە