ئالێگری دەبێتە راهێنەری مانچێستەر یونایتد


رووداو دیجیتاڵ

ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری پێشووی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، بەربژێری سەرەکییە بۆ مەشقدانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، کە نزیکە لە دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی ئێستای لە پۆستەکەی.
 
یانەی مانچێستەر یونایتد لەژێر سەرپەرشتی ئیریک تێن هاگی راهێنەردا بەدۆخێکی خراپ و زنجیرەیەک ئەنجامی خراپدا گوزەر دەکات و دوێنێ لەنێو یاریگەی خۆی و لە گەڕی شەشەمی پرێمەرلیگدا، بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە تۆتێنهام هۆتسپێر دۆڕا.
 
تێن هاگ لەژێر گوشارێکی زۆری هاندەرانی یانەکە و میدیای ئینگلتەرایە، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی تیپەکەی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان. یانەکە پلەی 12ی ریزبەندی گشتیی پرێمەرلیگی گرتووە بە حەوت خاڵ لە شەش یاریدا.
 
میدیای ئیتاڵیا پێیانوایە چەند یاریی نزیکی داهاتووی مانچێستەر یونایتد یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ چارەنووسی تێن هاگ، دوای سەرەتا کارەساتاوییەکەی لە وەرزی ئەمساڵدا.
 
میدیاکان دەڵێن، "کەسایەتییە دیار و بڕیاربەدەستەکانی نێو مانچێستەر یونایتد پێیانوایە ئالێگری کەسێکی گونجاوە بۆ لە ئەستۆ گرتنی ئەرکی مەشقدانی یانەکە".
 
سەرچاوەکان کۆکن لەسەرئەوەی ئەگەر بەزوویی تێن هاگ دۆخی تیپەکەی چاکنەکاتەوە، لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە و ئالێگری بەربژێری سەرەکی دەبێت بۆ مەشقدانی ئەو یانەیە.
 
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، تاوەکو ئێستا هیچ دانوستاندنێکی فەرمی لەگەڵ ئالێگریدا نەکراوە، بەڵام ئەو بەربژێری سەرەکییە بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەرکەکە.
 
ئالێگری دووجار راهێنەری یانەی یوڤێنتوس بووە و ماوەی کارکردنی لەگەڵ یانەکە لە جاری دووەمدا لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا کۆتاییهات، پاشئەوەی پێشەوایەتیی یانەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی جامی ئیتاڵیا.