سیمیۆنی هێرشێکی تووند دەکاتە سەر کۆرتوا

رووداو دیجیتاڵ

 

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، رەخنەی تووندی لە تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکیی یانەی ریال مەدرید گرت و بەهۆکاری ئاژاوەگێڕیی هاندەرانی ئاتلێتیکۆ مەدریدی لە قەڵەمدا.
 
لە یاریی دێربیی مەدریدد، کە لەسەر یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ بەڕێوەچوو، ئاژاوە روویدا، کاتێک هەندێک لە هاندەرانی ئاتلێتیکۆ مەدرید شتیان بۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی ریال مەدرید فڕێ دا و ناوبژیوان ناچاربوو یارییەکە بۆ ماوەیەک رابگرێت و فەرمانی بە یاریزانەکان دا کە بچنە ژووری جلگۆڕینەکانیان.
 
سیمیۆنی سەبارەت بە فڕێدانی هەندێک شت لەلایەن هاندەرانی تیپەکەی بەسەر کۆرتوادا و تۆماتبارکردنیان بەوەی کە ئەوان هۆکاری کێشەکە بوون، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا، گوتی "ئەمە راست نییە، هەندێکجار ئێمەین کە خەڵک هاندەدەین کاری هەڵە بکەن، ئێمە دەبینە هۆکاری ئەوەی ئەوان لێمان تووڕەبن".
 
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە ئاماژەی بەوەشکرد "دەبێت ئارام بین و بزانین لە چ بارودۆخێکدا دەتوانین ئاهەنگ بگێڕین بۆ گۆڵکردن، سەیرکردنی هاندەران دروست نییە، خەڵک لەخۆیانەوە تووڕە نابن، بەڵکو دەبێت لە شتێک تووڕەبن، کە ئێمە هۆکارەکەین".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، سیمیۆنی گوتی "ئەوانەی هەندێک شتیان فڕێدا، نابێت چیدی بێنە ناو یاریگا، چونکە ئێمە پێویستمان پێیان نییە، پێویستمان بە کەسانێکە کە هانمان بدەن".
 
راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، گەڕایەوە بۆ قسەکردن لەسەر کۆرتوا و گوتی "مرۆڤ دەتوانێت ئاهەنگ بگێڕێت، بەڵام نەک بە سەیرکردنی هاندەران، یان ئاماژەکردن، ئەمە بیانوو نییە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت دەستبکەین بە سزادانی یاریزانەکان، چونکە ئەوان قوربانی نین، ئەگەر هەوڵ بدەین گاڵتە بە هاندەران بکەین، لەوانەیە ئەوانیش کاردانەوەیان هەبێت، دروست نییە کاتێک سووکایەتی بە کەسانی دیکە دەکەین، جا سیمیۆنی بێت، کۆرتوا، ڤینیسیۆس، مێسی، یان گریزمان”.
 
ئەو روونیشیکردەوە "داوام لە کۆرتوا کرد ئارام بێت و یەکەمجار ئەو داوایەم لە هاندەران کرد، دەبێت بە تاک مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەین کە لەوێ بوون".
 
سیمیۆنی هەروەها گوتیشی "کۆرتوا کاتێک یاری بۆ ئاتلێتیکۆ مەدریدیشی دەکرد، لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا شتیان بۆ فڕێدا".
 
ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندیی لالیگادایە و ئاتلێتیکۆش بە جیاوازی دوو خاڵ لەدوای ئەوەوە لە پلەی سێیەمدایە، لە کاتێکدا بارسێلۆنا بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ لە پلەی یەکەمدایە.