ڤیدیۆ؛ خیرۆنا دەیەوێ بەرامبەر ریال مەدرید بسەلمێنێت کە مان سیتییەکەی لالیگایە

رووداو دیجیتاڵ

 

دەبێتە مانچێستەر سیتی لالیگا و مل بەملی گەورەکانی خولەکەوە دەنێت و بۆ داهاتوو براوەیەکی نازناوە نێوخۆییەکان دەبێت، یان هەڵچوونێکی کاتییە و بەزوویی کۆتایی دێت؟ ئەمە ئەو پرسیارە کە ئەمشەو لە یارییەکەی نێوان خیرۆنا و ریال مەدریددا، هەمووان بەشوێن وەڵامەکەیدا دەگەڕێن.
 
بەرلە یارییەکە، خیرۆنا وەک میوانێکی لەناکاوی درەنگهاتوو، لە سەرتۆپی ریزبەندی لالیگادا دەرکەوتووە و لەگەڵ بارسا و ریالدا، هەفتانە خاڵ دەچنێتەوە و پلەکانی پێشەوەی ریزبەندییان لەگەڵدا ئاڵوگۆڕ دەکات.. بەڵام ئەوەی تائێستا یانەکە بەدەستیهێناوە، کاتییە یان بەردەوام دەبێت؟ لەوانەیە یارییەکەی ریال باشترین وەڵام بێت بۆی.
 
لە نێو ململانێ کلاسیکییە بەردەوامەکەی دوو جەمسەرە زەبەلاحەکە، ریال مەدرید و بارسێلۆنا، ئەمساڵ خیرۆنا وەک باشترین رکابەری ئەوان دەرکەوتووە و تاکە یانەشە لەپاڵ بارسێلۆنادا، پاش حەوت یاریی لە خولەکەدا تاوەکو ئێستا شکستی نەهێناوە و لە حەوت یارییدا، شەش بردنەوەی بەدەستهێناوە.
 
خیرۆنا دەکرێ مانچێستەر سیتی لالیگا بێت، دەشکرێ هەڵچوونێکی کاتیی بێت و ئیدی لەگەڵ تێپەڕینی هەفتە و یارییەکاندا، جارێکی دیکە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی کە پلەکانی ناوەند بەرەو خواری ریزبەندی خولەکەیە، بەڵام بۆچی مانچێستەر سیتی لالیگا؟ چونکە ئەو یانەیە، یەکێکە لەو یانانەی لەلایەن سیتی گرووپەوە خاوەندارێتی دەکرێت کە هاوشێوەی خیرۆنا، خاوەنی مانچێستەر سیتی ئینگلیزیشە.
 
خیرۆنا کە ساڵی 1930 دامەزراوە، لە ساڵی 2017ەوە 44،3 لەسەدی پشکەکانی بووەتە موڵکی سیتی گرووپی ئیماراتی و پێدەچێ وەبەرهێنە ئیماراتییەکان، چاویان لە هێنانەئارای گەورەیەک بێت بۆ ئیسپانیا، هاوشێوەی ئەوەی لە ئینگلتەرا و زۆر وڵاتی دیکەش کردوویانە.
 
خیرۆنا یانەیەکی کەتەلۆنییە، لەلایەن هاندەرەکانییەوە بە تۆزۆدۆس واتە کەلەرەق ناودەبرێت و سووربوونی ئەو یانەیە لە گەیشتن بەئامانجەکانی و رکابەریکردن لەگەڵ گەورەکانی ئیسپانیا، ئەو نازناوەی بە یانەکە بەخشیووە، ئەمشەو بەرامبەر ریال مەدرید پێویستی بەپێشاندانی بەشێکی دیکە لە کەلەرەقیی و سووربوونی کەتەلۆنییانە هەیە، بۆ ئەوەی دووپاتی بکاتەوە ئەوەی پێشانیدەدات، سەرکەوتنێکی راگوزەر نییە.
 
ئەگەر مەدرید و لایەنگرەکانی بەنادڵنیایی و پێکانی زۆری یاریزانانی یانەکەوە ترسیان لە شکست لە یارییەکەدا هەبێت، دەبێ ئەوەشیان لەبیر بێت کە خیرۆنا لە دوو وەرزی رابردوودا تەنیا یەکجار بە ریال مەدرید دۆڕاوە و یارییەکەی هەفتەی 31ی وەرزی رابردووی نێوان هەردوو یانە لەسەر هەمان ئەو یاریگەیەی ئەمشەو یاریی تێدا دەکەن، یادەوەریی تاڵی بۆ مەدریدییەکان لەخۆیدا هەڵگرتووە.
 
لەو یارییەدا، هاندەران و یاریزانانی خیرۆنا، دەماری ڤینیسیۆس جۆنیۆریان گرت و وایانکرد مێشکی بچێتە دەرەوەی یاریگە و لە ئەنجامیشدا تیپەکەی بە قورسی بدۆڕێت، ئێستا بۆ یارییەکەی ئەمشەو، ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ لە ئارادایە، هەر بۆیە کارلۆ ئەنچیلۆتی، هۆشداریی ئەوەی داوەتە ڤینی، کە ئەوەی پار روویدا، ئەمساڵ بەرامبەر خیرۆنا، دووبارەی نەکاتەوە.