رووداو دیجیتاڵ
بەیادەوەرییەکانی دوایین دوو رووبەڕووبوونەوە کە تێیدا دوو سەرکەوتنی مێژوویی بەسەر یانە باڤارییەکەدا بەدەستهێناوە، لایپزیگ روو لە یاریگەی رێدبوڵ ئارێنای تایبەت بەخۆی دەکات لە رکابەرییەکانی هەفتەی شەشەمی بۆندێسلیگادا.
لایپزیگ لە دوایین دوو رووبەڕووبوونەوەی باڤارییەکاندا، دوو سەرکەوتنی بەتۆمارکردنی سێ گۆڵ لە هەر یارییەکدا بەدەستهێناوە و دوا یاریی بەرامبەر بایرن، کە بۆنەکەی جامی سوپەری ئەڵمانیا بوو، لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵدا، یاریزانەکانی ئەو یانەیەی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیاندا بردە سەر سەکۆی نازناوی جامی سوپەری وڵات.
بایرن کە ویستی گەورەی لەسەرەتای وەرزەوە بۆ هێشتنەوەی نازناوی خولەکە پێشانداوە، لە دوای دوا بردنەوە لە بۆخۆم بە حەوت گۆڵی بێبەرامبەر کۆی گۆڵەکانی خۆی لە وەرزەکەدا گەیاندە 18 گۆڵ، بەڵام ئەو هێزە گەورەیەی باڤارییەکان، ئەمشەو بەر بەرگرییەکی بەهێز دەکەوێت کە لە سێ یاریی رابردوودا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە و یانس بلاسڤیچی گۆڵپارێز کۆی 325 خولەک یاریی بەڕێکردووە بەبێئەوەی گۆڵی لێبکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا بایرن پشتقایمە بەوەی لە دوایین شەش سەردانی یاریگەی لایپزیگدا شکستی نەهێناوە و سێ سەرکەوتن و سێ یەکسانبوون، هانی یاریزانەکانی تۆماس توخێلی راهێنەر دەدات، بۆ ئەوەی زنجیرەی باڵادەستییەکان بەسەر لایپزیگ، درێژە پێبدەن.
ئەگەرچی پاڵنەری دیکە بۆ بردنەوەی یارییەکە لەلایەن بایرن میونشنەوە، وەرگرتنەوەی پێشەنگی خولەکەیە لە بۆرووسیا دۆرتمۆندی رکابەری کە دوێنێ شەو بەهۆی بردنەوە لە هۆفێنهایم بەشێوەیەکی کاتی بەدەستیهێناوە، بەڵام لە میونشن هەمووان لەوە دڵنیان کە درەوشانەوەی تیپەکە و بردنەوەکان، هێشتا لەسەداسەد بایرنێکی کامڵیان لێ بەرهەم نەهاتووە و بۆنی کێشە نێوخۆییەکان لە نێو ژووری جلگۆڕیندا، ترسی لای هەمووان دروستکردووە.
بۆ بایرن، چەکە کاریگەرەکەی ئەمساڵی یانەکە، ئەگەر لە یارییەکەی ئەمشەویشدا باش کاربکات، بەدڵنیاییەوە بەشێکی دیکە لە تەمومژی کێشەکان لەسەر یانەکە لادەبات، ئەو چەکانە بریتین لە سوود وەرگرتن لە تۆپی جێگیر کە تاوەکو ئێستا بایرن بەهۆیانەوە پێنج گۆڵی تۆمارکردووە.
چەکە کاریگەرەکەی دووەمی دەستی تۆماس توخێلی راهێنەر، خۆی لە هاری کەینی گۆڵکەری یەکەمی تیپەکەدا دەبینێتەوە کە تاوەکو ئێستا حەوت گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە و هەمووان پەسنی تواناکانی دەدەن و بەباشترین گرێبەستی تاوەکو ئێستای خولەکانی ئەوروپای ناودەبەن.
لایپزیگ لە یارییەکەدا لە تواناکنی تیمۆ ڤێرنەری هێرشبەری بێبەش دەبێت، بەڵام ئەو رێگر نەبووە لەوەی مارکۆ رۆزەی راهێنەری ئاڵای ئاڵنگاری بەرز بکاتەوە و داوا بکات هاندەران لە پشتی تیپەکەی بن، بۆئەوەی درێژە بەزنجیرەی بردنەوەکانی بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ