ڤیدیۆ؛ دیماریا بە گۆڵێکی جوان کلاسیکۆی بۆ بێنفیکا یەکلاکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەسەرکردایەتیی ئانخێل دیماریا، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، یانەی بێنفیکا یاریی کلاسیکۆی پۆرتوگالی لە یانەی پۆرتۆی رکابەری بردەوە.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی حەوتەم لە یاریگەی دالۆش بەڕێوەچوو، بێنفیکا بە هێرشبردن دەستیپێکرد، هەر زوو لە خولەکی 19 فابیۆ کاردوسۆ بەرگریکاری پۆرتۆ بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەمە هەلێکی زیاتری دایە بێنفیکا بۆ ئەوەی باشتر یاریی بکات، بەڵام نیوەی یەکەم گۆڵی تێدا نەکرا.
 
لە نیوەی دووەمدا بێنفیکا هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی گۆڵ بکات، دوای لەدەستدانی چەند هەلێک بۆ هەژاندنی تۆڕی رکابەرەکەیان، لە خولەکی 67 ئانخێل دیماریا، ئەستێرەی ئەرجەنتینی گۆڵێکی جوانی بۆ بێنفیکا تۆمارکرد و لەنێو دڵخۆشیی هاوڕێکانی و هاندەرانی بێنفیکادا ئاهەنگی گێڕا.
 
یارییەکە بەو گۆڵە لە بەرژەوەندیی بێنفیکا کۆتاییهات، یانەکە بەم بردنەوەیە بە 18 خاڵ چووە پێشەنگی ریزبەندی خولی پۆرتوگال، بەڵام ئەگەر سپۆرتینگ لیشبۆنەر ئەمڕۆ لە فارێنسی بباتەوە، یانەکە دەچێتەوە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە.