ئێڤرا ئابڕووی فەرەنسا دەبات: یاریزانی رەشپێست بۆی نییە لە سەرۆک نزیکبێتەوە

30-09-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پاتریس ئێڤرا هەڵبژاردەی فەرەنسا
A+ A-

رووداو دیجیتال

پاتریس ئێڤرا، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، لە رێگەی ئینیستاگرامەوە لێدوانێکی مەترسیدار دەدات و باسی ئەو رەگەزپەرستییە دەکات کە یاریزانانی رەشپێشت لە فەرەنسا رووبەڕووی دەبنەوە، ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە ئەوکاتەی یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا بووە بە چاوی خۆی بینیوە کە چۆن فەرەنسییەکان رەگەزپەرستانە مامەڵە لەگەڵ یاریزانە رەشپێستەکان دەکەن.

ئێڤرا دووپاتیکردەوە کە قسەکانی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی فەرەنسا، کە گوتی "هیچ کارێکی رەگەزپەرستانە لە تۆپی پێی فەرەنسادا نییە". پێچەوانەی ئەو واقیعەن کە ئەو بینیویەتی.

ئێڤرا گوتی "نامەی قێزەوەن، کە هەمووی جنێو و قسەی ناشیرین بوون دەرهەق بە یاریزانانی بەڕەچەڵەک ئەفریقی دەهاتنە بارەگای هەڵبژاردەی فەرەنسا".

ئێڤرا باسی هەندێک لەو پەیامانە دەکات و دەڵێت "یەکێک نووسیبووی، دیدێ دیشامپ مەیموونەکەت ببە و بڕۆ بۆ ئەفریقا". 

بەرگریکاری پێشووی مانچێستەر یونایتد و یوڤێنتوس، هەروەها دەڵێت "هەندێجار کارتۆنی پڕ لە پیسایی و پاشماوەکانیان بۆ یاریزانە رەشپێستەکان دەنارد، بێگومان ئەوانەی ئەو کارانەیان دەکرد ئەو رەگەزپەرستانە بوون کە دژی یاریکردنی یاریزانە رەشپێستەکان بوون بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا".

پاتریس ئێڤرا، کە لە ماوەی نێوان ساڵانی 2004 تاوەکو 2015 یاری بۆ هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا کردووە، باسی هەندێک رووداوی دیکەی رەگەزپەرستانەش دەکات و دەڵێت "هەر سەرۆکێک یان بەرپرسێکی سیاسی فەرەنسی سەردانی هەڵبژاردەی فەرەنسای کردبا، پێویستبوو بە کۆمەڵێک یاریزانی سپیپێستەوە دەورە بدرێن، نەیاندەهێشت یاریزانە رەشپێستەکان لێیان نزیکببنەوە".

ئێڤرا زیاتر گوتی "ئەوە یاساکانی یارییەکەن لە فەرەنسا، کاتێک وێنەیەک لەگەڵ سەرۆک دەگیرێت باشترە هۆگۆ لۆرێس و لۆران کۆسیلینی (سپیپێستن) لە وێنەکە دەربچن لەجیاتی باکاری سانیا و مامادۆ ساکۆ (رەشپێستن)".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە