ڤیدیۆ؛ دێر کلاسیکێر شەیدایانی تۆپی پێی ئەڵمانیا شاددەکاتەوە

30-09-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
دێر کلاسیکێر
دێر کلاسیکێر
نیشانەکردن دێر کلاسیکێر
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

کاژێری کەم ماون، جارێکی دیکە شەیدایانی تۆپی پێی ئەڵمانیا، بینەری دێر کلاسیکێر دەبنەوە، کاتێک بایرن میونشن و بۆرووسیا دۆرتموند، دوو یانە گەورەکەی ئەڵمانیا رکابەری لەسەر جامی سوپەری وڵات دەکەن، لەو یارییەدا کە کاژێر 21:30 بەڕێوەدەچێت.

یاریی نێوان باڤاری و فێستیڤاڵن، هەمیشە پڕ لە رکابەری و رووداوی سەرنجڕاکێش بووە، هەمیشە پڕ بووە لە جۆڵە و گۆڵی جوان و بالکێش.

لەکاتێکدا هەردوو یانە لە ئالیانز ئارێنا بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن، هەردووکیان لە گەڕی دووەمی بوندێسلیگادا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دۆڕان و سێ خاڵیان لەدەستدا، بایرن بەرامبەر هۆفێنهایم و دۆرتموندیش بەرامبەر ئوگسبۆرگ.

هەرچەند دۆرتموند وەرزی رابردوو هیچ نازناوێکی نەبردەوە و باڵادەستییەکە لە خول و جامدا هەر بۆ بایرن بوو، بەڵام دۆرتموند وەک دووەمی بوندێسلیگا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، ئەوەشی کە هێز و گڕوتینێکی زیاتر بە یارییەکە دەدات، ئەو جیاوازییە کەمەیە کە لە بردنەوەی ئەم نازناوەدا لەنێوان هەردوو یانەدا هەیە، بایرن 7 جار بووەتە پاڵەوان و دۆرتموندیش 6 جار.

وەرزی رابردوو دۆرتموند لە یاریگەی خۆی ئەم یارییەی ئەنجامدا و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە باڤارییەکانیان بردەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە ئالیانز ئارێنا دەبن، بۆ یارییەکەش جادۆن سانچۆ، ئەستێرەی یانەکە و رۆمان بورکی گۆڵپارێز یاریی ناکەن، سەرەرای ئەوەشی کە پشکنینەکانیان کە تایبەت بوون بە کۆرۆنا نێگەتیڤ دەرچوون.

لە ریزەکانی بایرن میونشن، لێرۆی سانێ لە ئەژنۆیدا تووشی پێکانبووە و بەو هۆیەوە سێ بۆ چوار هەفتە دووردەکەوێتەوە، دەیڤد ئالابای نەمسایش لە ماسوولکەکانیدا پێکانی هەیە و یاریی ناکات.

دوای وەرزێکی پڕ لە دەستکەوت، ئەم یارییە بۆ بایرن تاقیکردنەوەیەکی نوێیە، بۆ ئەوەی دەست لەسەر کەلێنەکانی دابنێت، بۆ دۆرتموندیش هەلێکی باشە، بۆ ئەوەی هەم ژمارەی نازناوەکانی یەکسانبکاتەوە و هەمیش دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە پێکهاتەکەیدا کردووە، توانا و ئاستی خۆی بزانێت، بەر لەوەی بەتەواوی بچێتە نێو وەرزێکی درێژ.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە