پەیامێک لە جۆرجیناوە بۆ رۆناڵدۆ

رووداو دیجیتاڵ

جۆرجینا رۆدریگێز، دۆستی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی، پەیامێکی بۆ خۆشەویستەکەی نارد کە لایەنی سۆزداری بەسەریدا زاڵ بوو، دوای ئەوەی لە رێوڕەسمی تیروپشکی چامپیۆنزلیگدا لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپاوە رێزی لێگیرا.
 
ئەفسانەی ریال مەدرید خەڵاتی گۆڵکاری مێژووی چامپیۆنزلیگی پێدرا لەلایەن یوفاوە، دوای ئەوەی لە 187 یارییدا 141 گۆڵی تۆمارکرد.
 
ئەو ریکۆردە هێشتا لای رۆناڵدۆ ماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی دوو ساڵە لە ئەورووپا رۆیشتووە و پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودییەوە کردووە. 
 
نزیکترین رکابەری لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینییە، کە 11 گۆڵی لە دۆن کەمترە، بەڵام ئەویش ئەورووپای جێهێشتووە و یاری بۆ یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی دەکات.
 
جۆرجینا رۆدریگێز، دۆستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، وێنەیەکی خۆی و ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی بڵاوکردەوە، کە ئەو خەڵاتەیان بەدەستەوەیە کە رۆناڵدۆ لە ئەلێکساندەر چێفرینی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا وەریگرتبوو.
 

جۆرجینا لە پەیامێکی سۆزداریدا بۆ دۆستەکەی نووسیوە "پیرۆزە لە گۆڵکاری هەموو کاتەکانی چامپیۆنزلیگ، تۆ شایەنی باشترینی جیهانیت خۆشەویستەکەم".
 
پەیامەکەی جۆرجینا بۆ رۆناڵدۆ لە پلاتفۆرمی ئینستاگرام کاردانەویەکی بێسنووری بەدوای خۆیدا هێنا، بەو پێیەی وێنەی ئەو دوو ئەستێرە بەنێوبانگە لە ماوەی کەمتر لە دوو کاژێردا زیاتر لە دوو ملیۆن لایکی بۆ کرا.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، تەمەن 39 ساڵ، 5 جار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، یەکێک لەگەڵ مانچێستەر یونایتد و چوار نازناویش لەگەڵ ریال مەدرید، دوا نازناویش بەرامبەر یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بوو لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ساڵی 2018.
 
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە 187 یاری لە چامپیۆنزلیگدا ئەنجامداوە و 141 گۆڵی تۆمارکردووە.