ڤیدیۆ؛ هەشتەم پاڵەوانێتیی شەهید شیفا کۆتاییهات و تیپی 15 سپۆرت بووە پاڵەوان

30-08-2024
هونەر رەشید
دیمەنێک لە پاڵەوانێتییەکە
دیمەنێک لە پاڵەوانێتییەکە
نیشانەکردن قارەمانیا مللی شەهید شیفا گەردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەشتەم پاڵەوانێتیی شەهید شیفا گەردی لە پارێزگای دهۆک کۆتاییهات، تیپی 15 سپۆرت بووە پاڵەوان.
 
رێوڕەسمی یاری کۆتایی پاڵەوانێتیی شەهید شیفا گەردی بۆ تیپە میللییەکان لە دهۆک کۆتاییهات، یارییەکە لە نێوان هەردوو تیپی 15 سپۆرت و پێشەوا لە ئەکادیمیای سیروانی وەرزشی بەڕێوەچوو.
 
وێنەیەکی گەورەی شەهید شیفا گەردی و کەروێشکێک کە بووەتە سیمبوڵ لەنێو یاریگەدا پێشاندران.
 
یارییەکە بەهێزەوە دەستیپێکرد، هەردوو تیپ هەوڵی زۆریاندا و هێرشی مەترسیداریان بردە سەر گۆڵی یەکدی، بەڵام نیوەی یەکەم هیچ گۆڵێکی بەخۆیەوە نەبینی.
لە نیوەی دووەمدا هێرشەکانی تیپی پێشەوا زیاتر بوون، بەڵام یاریزانانی 15 سپۆرت توانیان پارێزگاری لە گۆڵەکەیان بکەن و نیوەی دووەمیش بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ تەواو بوو.
 
بەپێی یاسای پاڵەوانێتییەکە، هەردوو تیپ راستەوخۆ پەنایان بردە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە و تیپی 15 سپۆرت بە چوار لێدان بەرامبەر سێ لێدان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوان.
 
ئاشتی کەریم، کاپتنی تیپی 15 سپۆرت لە دوای یارییەکە بە رووداوی گوت، "تیپی پێشەوا تیپێکی بەهێزە، بەڵام تیپی 15 سپۆرتیش بەمدواییە بووەتە تیپێکی بەهێز و ئەمە چوارەم نازناوی ئێمەیە لەم مانگەدا دەیبەینەوە".
 
لەلایەن خۆیەوە سابیر عەبدولکەریم، یاریزانی تیپی پێشەوا دەڵێت، "کاتێک یاری دەگاتە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، بەخت رۆڵ دەبینێت، تیپی 15 سپۆرت سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پیرۆزباییان لێدەکەین".
 
بورهان عەبدولمەجید، سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتیی شەهید شیفا گەردی بە رووداوی گوت، "لە رێگەی وەرزشەوە جارێکی دیکە یادی شەهید شیفا گەردی و هەموو شەهیدانی کوردستانمان کردەوە، ئەمە سیمبولێکی بچووکە و ئێمەی وەرزشڤانانی دهۆک هاوخەمی خۆمان بۆ ماڵباتی شەهید شیفا گەردی پێشاندەدەین".
 
دوای کۆتاییهاتنی پاڵەوانێتییەکە باشترین یاریزان و گۆڵپارێزی پاڵەوانێتییەکە و تیپی براوە خەڵاتکران و خەڵاتێکی تایبەتیش درایە ماڵباتی شەهید شیفا گەردی.
 
پاڵەوانێتیی شەهید شیفا گەردی، بۆ یەکەمجار لە 1-6-2017 ئەنجامدرا و ماوەی حەوت ساڵە بۆ تیپە میللییەکانی پارێزگای دهۆک رێکدەخرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە