ڤیدیۆ؛ ئینتەرناسیۆناڵ گەیشتە چوارگۆشەی زێڕینی لیبرتادۆرێس

30-08-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by SILVIO AVILA / AFP
Photo by SILVIO AVILA / AFP
نیشانەکردن ئینتەرناسیۆناڵ جامی لیبرتادۆرێس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرناسیۆناڵی بەرازیلی بلیتی گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی جامی لیبرتادۆرێسی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا، جارێکی دیکە لە یانەی بۆلیڤاری بۆلیڤی بردەوە.
 
یارییەکە لە سەر یاریگەی ئینتەرناسیۆناڵ لە شاری پۆرتۆ ئەلێگری بەڕێوەچوو، کە تێیدا یانەی خاوەن ماڵ بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
ڤالێنسیای یاریزانی ئینتەرناسیۆناڵ 10 خولەکی پێویستبوو بۆ ئەوەی یانەکەی بە گۆڵێک پێشبخات.
 
دواتر یارییەکە بۆ ماوەیەک راگیرا دوای ئەوەی ژمارەیەک یاریزان گلەییان لە کاریگەریی گازی فرمێسکڕێژ کرد. هەندێک لە راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم گازە فرمێسکڕێژە لە دەرەوەی یاریگاکە بەکارهێنراوە بۆ دامرکاندنەوەی ئاژاوەگێڕییەکان و گازەکە بەهۆی بایەوە گواستراوەتەوە بۆ یاریگاکە.
 
لە گێمی دووەمدا جارێکی دیکە ڤالێنسیا لە خولەکی پەنجا و نۆدا گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد، کە ئەمە سێیەم گۆڵی بوو لە دوو یارییەکەی بەرامبەر یانە بۆلیڤییەکە.
 
بۆلیڤار هەموو هیوایەکی لەدەستدا، کاتێک رۆنی فێرناندێز نەیتوانی لێدانی سزا گۆڵ بکات و یانە بەرازیلییەکە گەیشتە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین، بەو پێیەی هەفتەی رابردووش لە یاریی چووندا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا لە لاپازی پایتەختی بۆلیڤیا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە