ڤیدیۆ؛ پەیامێک لە کریستیانۆ رۆناڵدۆوە

30-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ خولی سعودیە یانەی نەسڕ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی سەرکردایەتیی تیپەکەی کرد بۆ بردنەوەیەکی گەورە بەرامبەر یانەی شەباب لە خولی سعودیدا و دوای ئەوەش پەیامێکی ئاراستەی هاندەرانی کرد.
 
رۆناڵدۆ لە یارییەکەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، دوو گۆڵی بەلێدانی سزا تۆمارکرد، گۆڵێکیشی لەلایەن ناوبژیوانەوە رەتکرایەوە.
 
نەسڕ لە یارییەکەدا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دووەم بردنەوەی لەسەریەکی لە رکابەرییەکانی خولی سعودیدا تۆمارکرد و ژمارەی خاڵەکانی لە ریزبەندی خولەکەدا بۆ 6 خاڵ بەرزکردەوە.
 
رۆناڵدۆ دوای بردنەوەی یارییەکە لە پەیامێکدا لە سۆشیاڵ میدیاکانی خۆی نووسیوویەتی "چ کەشێکی سەرسوڕهێنەرە لە یاریگەکەمان، زۆر خۆشحاڵین بە ئاهەنگگێڕان بەم سەرکەوتنە لەگەڵ هاندەرانمان."
 
کریس زیاتر نووسیوویەتی "ئاستێکی نایاب و لەلایەن تیپەکەوە، ڤامۆس."
 
لە یارییەکەدا سێ لێدانی سزا بۆ نەسڕ هەژمارکران، رۆناڵدۆ دەکرا هاتریک تۆماربکات، بەڵام لێدانی سێیەمی دایە عەبدولرەحمان غەریب، بەڵام ئەو یاریزانە لێدانەکەی لەدەستدا.
 
دوای یارییەکە لویس کاسترۆ، راهێنەری یانەی نەسڕ گوتی "ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کردی، پێشاندانی رۆحیەتی بەرزی نێو تیپەکە بوو، زۆر خۆشحاڵبووم بەو هەڵسوکەوتەی کریستیانۆ."
 
لەلایەن خۆیەوە یانەی نەسڕ لەسەر ئەکاونتی فەرمیی خۆی وێنەکانی ئاهەنگی کریستیانۆ رۆناڵدۆی داناوە و نووسیوویەتی "هەموو جیهان بەیەک دەنگ ئاهەنگ دەگێڕێت، لەگەڵ ئەستێرەکەی نەسڕ" کە مەبەست لێی رۆناڵدۆیە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە گەڕی سێیەمی خولی سعودی بەرامبەر یانەی فەتح هاتریکی تۆمارکرد، شەوی سێشەممە بەرامبەر یانەی شەباب دوو گۆڵی تۆمارکرد و ئێستا بە تۆمارکردنی 5 گۆڵ، گۆڵکاری خولەکەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە