ئارسیناڵ و نیوکاسڵ لەسەر تواناکانی ئەستێرەیەکی ریال مەدرید لە کێبرکێدان

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە بەریتانیا و ئیسپانیا، باس لەوە دەکەن کە هەردوو یانەی ئینگلیزی، ئارسیناڵ و نیوکاسڵ یونایتد لە کێبڕکێدان بۆ گواستنەوەی مارکۆ ئاسێنسیۆی ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.
 
یاریزانە ئیسپانییەکە دەیەوێت ریزەکانی یانە زەبەلاحەکەی لالیگا جێبهێڵێت، بۆ ئەوەی دەرفەتی زۆرتر یاریکردنی بۆ بڕەخسێت.
 
هەردوو یانەی نیوکاسڵ و ئارسیناڵ پەلە دەکەن بۆ ئەوەی بەر لە کۆتاییهاتنی وادەی گواستنەوەکانی هاوینە، گرێبەستی زیاتر واژۆ بکەن و پێکهاتەکانیان بەهێزتر بکەن.
 
بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، یانەی نیوکاسڵ ئارەزووی ئەوە دەکات لانیکەم یەک یاریزانی دیکە بۆ پێکهاتەکەی زیادبکات، دوای ئەوەی بە گرێبەستێکی 60 ملیۆن پاوەندی لەگەڵ یانەی ریال سۆسیدادی ئیسپانی رێککەوت بۆ گواستنەوەی ئەلێکساندەر ئیساکی هێرشبەری سوێدی بۆ ریزەکانی.
 
دەگووترێت میکێل ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵیش یاریزانێکی باڵی دیکەی دەوێت دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو نیکۆلاس پیپێ بە خواستن پەیوەندی بە یانەی نیسی فەرەنسییەوە کرد.
 
ئەو دوو یانەیەی پرێمەرلیگ پەیوەندییان بە یانەکەی ئاسێنسیۆوە کردووە، کە وادیارە ئەگەری ئەوە زیاترە یاریزانە تەمەن 26 ساڵەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە پایتەختی ئیسپانیا دووربکەوێتەوە، کە ئێستا بەڕێوەبەری کارەکانی کاردەکات بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ دەرچوونی لە ریال مەدرید.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی پشتڕاستیکردەوە کە ئاسێنسیۆ دەتوانێت بڕوات و دەستەوارەی هەیە بۆ ئەوەی بیریان لێبکاتەوە، لەو بارەیەوە گوتی "با بزانین چی روودەدات، بەڵام  پێمگوتراوە بەڕێوەبەری کارەکانی ئاسێنسیۆی پێشکەش بە یانەکانی پرێمەرلیگ کردووە، بۆیە رۆیشتنی ئاسێنسیۆ بۆ یانەکانی ئیتاڵیا ئاسان نییە، با بزانین".
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، راگەیاندنکار و پسپۆری بەناوبانگ لە بواری گواستنەوەی یاریزانان، لەبارەی ئاسینسیۆوە، رایگەیاند "میلان بژارده‌یه‌ك بوو بۆ ئاسێنسیۆ، به‌ڵام ئاسان نییه‌، سەبارەت بە یانه‌كانی پرێمه‌رلیگیش، له‌گه‌ڵ بەڕێوەبەری کارەکانی گفتووگۆ كراوه‌، بۆیه‌ با چاومان له‌ ماركۆ ئاسێنسیۆ بێت تا كۆتایی هاتنی مێرکاتۆ".