رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بارەگای یانەی نەفتی میسان لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە سوتێندرا و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەم کارە دەستیپێکردووە.
یانەی نەفتی میسان لە ساڵی 2003 دامەزراوە و راستەوخۆ لە لایەن کۆمپانیای نەوتی میسانی سەر بە پارێزگای عەممارە پاڵپشتی دارایی دەکرێت، یانەکە لە خولی نایابی عێراق بەشدارە و یاریگەیەکی نێودەوڵەتی هەیە کە شوێنی 25 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لەنێو یانەی نەفتی میسان، ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەداخەوە ئاگادارکراینەوە لەوەی کە بارەگای یانەکەمان لە لایەن کەسانێکی نەناسراو سوتێندراوە و زیانێکی زۆرمان پێگەیشتووە بەشێوەیەک لە سەدا نەوەدی کەلوپەلی ناو یانەکەمان نەماون و سوتاون".
وەرزی رابردوو یانەی نەفتی میسان بە کۆکردنەوەی 46 خاڵ لە پلەی 12ـی ریزبەندیی خولی نایابی عێراق هات.
یانەکە ئاماژەی بەوەشکرد "لێکۆڵینەوەی یاسایی لەو بارەیەوە دەستیپێکردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە و چاوەڕوانین، ئێمە جارێ هیچ قسەیەک ناکەین و چاوەڕوانی کاری یاسایین".
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو گەیشتوون، بڕیارە راهێنانەکانی تیپی تۆپی پێی یانەی نەفتی میسان بگوازرێنەوە شاری هەولێر و تیپەکە کەمپێکی راهێنان لە پایتەختی کوردستان بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ