هەموو شتێک لەبارەی کێشەکانی نێوان پۆل پۆگبا و براکەی

30-08-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پۆل پۆگبا ماتیاس پۆگبا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

تا دێت قەیران و کێشەکانی نێوان پۆل پۆگبای ئەستێرەی فەرەنسی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی لەگەڵ ماتیاس پۆگبای برای بەرەو ئاڵۆزی و هەڵکشانی زیاتر دەڕۆن، تا ئەو راددەیەی میدیاکانی فەرەنسا باس لەوە دەکەن کە لەوانەیە ئەوە ببێتە هۆکاری کێشە کەوتنە نێوان پۆگبا و کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان.
 
دوای ئەوەی ماتیاس لە ئینیستاگرام ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە نهێنیی مەترسیدار و شۆکهێنەر دەربارەی براکەی ئاشکرادەکات، پۆل پۆگبا رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ماتیاسی برای گرتەبەر و لای پۆلیسی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە، بە تۆمەتی ئەوەی ماتیس یەکێکە لە ئەندامانی گرووپێک کە دەیانەوێت بە هەڕەشەکردن 13 ملیۆن یۆرۆی لێوەربگرن.
 
 
لە ئینیستاگرامەوە
 
بەگوێرەی میدیای ئیتاڵیا، ئەم بابەتە دوای دوایین ڤیدیۆ هات کە ماتیاس لە هەژماری خۆی لە ئینیستاگرام بڵاویکردووتەوە، کە تێیدا دەڵێت "هاندەرانی فەرەنسی، ئیتاڵی، ئینگلیزی و ئیسپانی شایەنی ئەوەن هەندێک راستی بزانن".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هەموو جیهان بزانێت، بە هاندەرانی براکەم و هەڵبژاردەی فەرەنسا و یوڤێنتوسیشەوە، هەروەها سپۆنسەرەکانیش.
 
ئەو لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت "پێویستە زانیاری وەربگرن و بڕیار بدەن لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئایا پۆلی برای شایەنی رێز و خۆشەویستی هاندەرانە یان نا، هەروەها ئایا شایەنی ئەوەیە یاری بۆ یوڤێنتوس بکات و لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەشداری لە مۆندیالدا بکات؟!".
 
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "دەمەوێت هەندێک راستی لەسەر ئەو خانمە ئاشکرابکەم، کە ئێستا بە بەهێزترین خانمی تۆپی پێی جیهان دەناسرێت و براکەم بە دایکی دووەمی ناوی دەبات".
 
مەبەستی ماتیاس، رافایێلا بیمنتای خانمە پارێزەری بەرازیلییە، کە 18 ساڵ لەگەڵ مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری کاری یاریزانان کاریکردووە و دوای مردنی مینۆ لە تەمەنی 54 ساڵیدا، ئەو خانمە کە 6 زمان دەزانێت درێژە بە کارەکانی رایۆلا دەدات.
 

لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا، ماتیاسی برای پۆل پۆگبا، دەڵێت "پێموایە ئەوەی دەیڵێم جێگەی سەرنجی زۆر کەس دەبێت، شتگەلێکی گرنگ لەبارەی کیلیان ئێمباپێ دەڵێم و چەندین بەڵگە و شایەتحاڵ هەن کە ئەوەی من دەیڵێم پشتڕاستی دەکەنەوە، ئەو شتانەی من ئاشکرایان دەکەم دەنگدانەوەیەکی زۆریان دەبێت و هەرایەکی گەورە دەنێنەوە".
 
ماتیاس شتێکی زۆر مەترسیدار لەبارەی کیلیان ئیمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی ئاشکرا دەکات و دەڵێت "پۆلی برام جادووگەرێکی بە پارە گرتبوو بۆ ئەوەی بە سیحری رەش ئازار بە ئێمباپێ بگەینێت".
 
لە تویتەرەوە  
 
ماتیاس لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەریش پۆستێکی کردووە، رووی قسەکانی لە براکەی دەکات و دەڵێت "رووخساری راستەقینەی تۆم بۆ دەرکەوتووە و لەوەتەی دەستت کردووە بە درۆکردن لەگەڵ پۆلیس، ناتوانیت من تاوانبار بکەیت".
 
دەشڵێت "تۆ ویستت بێدەنگم بکەیت و بمنێریتە زیندان، بەڵام ئەوەندەم هەیە قسەکانم و درۆکانت بسەلمێنم، دووبارە پێتدەڵێمەوە: براکەم یاریکردن و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک باش نییە!".
 
پێشی دەڵێت "تۆ خۆت پێ موسڵمانە، بەڵام سیحری رەش لە خەڵکی دەکەیت، تۆ دووڕووی".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ماتیاس دەشڵێت "بابەتەکە پارە نییە، تۆ منت بە بەپێچەوانەی ویستی خۆم تێوەگلاندووە، من بۆ تۆ دەمردم، تۆ منت لە کونەکەدا جێهێشتم و دەتەوێت رۆڵی بێتاوان بگێڕیت، هیچ کەس لەسەر زەوی لە تۆ ترسنۆکتر، خیانەتکارتر و دووڕووتر نییە".
 
ئەو رووی قسەکانی لە کیلیان ئێمباپێش دەکات و دەڵێت "تۆ تێدەگەیت؟ من هیچ شتێکی نەرێنیم بەرامبەرت نییە، قسەکانم لە بەرژەوەندی تۆدان، هەموو شتێک راستە و سەلمێنراوە.. ببوورن بۆ ئەم برایەم کە خۆی بە موسڵمان ناودەبات، کەچی سیحر دەکات، تۆ شایەنی ئەوە نیت دووڕوو و خیانەتکار لە دەوروبەرتدا هەبن".
 
 
پێشهاتێکی نوێ
 
لە پێشهاتێکی نوێدا لەو بارەیەوە، میدیاکانی فەرەنسا ئاشکرایان کردووە کە ئێمباپێ و ماڵباتەکەی لە دوورەوە چاودێری کێشەکانی نێوان پۆل پۆگبا و براکەی دەکەن.
 
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەگەر ئێمباپێ بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە بۆی پشتڕاست ببێتەوە کە پۆگبا پەنای بردووەتە بەر سیحری رەش بۆ ئەوەی زیانی پێبگەیەنێت، رازی نابێت جارێکی دیکە شانبەشانی ئەستێرەی پێشووی مانچێستەر یونایتد لە هەڵبژاردەی فەرەنسا یاری بکات، لە کاتێکدا کەمتر لە سێ مانگ بۆ دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر ماوە، کە تێیدا هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان بەرگری لە نازناوەکەیان دەکەن، کە لە مۆندیالی رابردوودا لە رووسیا نازناوەکەیان بردەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ زیاتر لە 5 ساڵە لەگەڵ پۆڵ پۆگبا لە هەڵبژاردەی فەرەنسادایە، لەو ماوەیەدا مۆندیالی 2018 و خولی نەتەوەکانی ئەوروپای 2021 یان بەدەستهێناوە.
 
ئەم قەیرانە سەقامگیری هەڵبژاردەی فەرەنسا دەهەژێنێت پێش دەستپێکردنی مۆندیالی  2022، کە تیایدا لە کۆمەڵەی چوار لەگەڵ تونس، دانیمارک و ئوسترالیا یاری دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە