ملیۆنان جرج هەڕەشە لە ئۆڵیمپیادی پاریس دەکەن

30-07-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جرج ئۆڵیمپیادی پاریس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئۆڵیمپیادی 2024ـی پاریس لەبەردەم مەترسییەکی گەورە و چاوەڕواننەکراودایە، بەهۆی ئەو کەشوهەوا خراپەی لە رۆژی هەینی رابردووەوە روویکردووەتەوە وڵاتەکە.
 
رۆژنامەی دەیلی ستاری بەریتانی لە راپۆرتێکدا دەڵێت "ئەو بارانبارینە زۆرەی لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا لە پاریس باریووە، بووەتە هۆکاری هاتنە دەرەوەی نزیکەی 6 ملیۆن جرج کە قەبارەیەکی گەورەی نزیکەی قەبارەی پشیلەیان هەیە و جرجەکان بوونەتە هۆکاری بێزارکردنی ئەوانەی چوونەتە پاریس بۆ بینینی یارییەکانی ئۆڵیمپیاد."
 
هاتنە دەرەوەی ئەو رێژە زۆرەی جرجەکان بووەتە هۆکاری ئەوەی خەڵکێکی زۆر شوێنە گشتییەکان و ئەو رێستورانتانە بەجێبهێڵن کە بۆ خواردن سەردانیان کردوون، جگە لەوەش ئەوانەی بۆ بینینی یارییەکانیش چوونەتە فەرەنسا تووشی کێشە بوون، بەتایبەت کە پیسایی جرجەکان کاریگەریی لەسەر تەندروستی و تووشبوون بە نەخۆشی هەیە، ئەمەش کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر یارییەکانی ئۆڵیمپیاد.
 
سەرچاوەکە دەڵێت "بەکتریا لە میزی جرجەکاندا هەیە، رەنگە ببێتە هۆکاری نەخۆشیی لێپتۆسپایرۆسیس، کە دەبێتە هۆکاری تووشبوون بە ئەنفلۆنزا و تێکچوونی جگە و گورچیلە."
 
یەکێک لەو رکابەرییانەی سێ رۆژە بەدوای یەکدا دوادەخرێت، یارییە سیانییەکانە، کە بەهۆی خراپیی ئاوی رووباری سێینەوە، ئەمڕۆ بۆ رۆژی سێیەم لەسەریەک رکابەرییەکانی دواخران و لیژنەی رێکخەری ئۆڵیمپیادیش دەڵێت "هۆکارەکەی ئەو بارانەیە کە لە رۆژی هەینی رابردووەوە روویکردووەتە پاریس."
 
لیژنەی رێکخەری یارییەکان هەوڵدەدات چارەسەرییەکی خێرا ببینێتەوە، بۆ پاککردنەوەی ئاوی رووبارەکە بۆ ئەوەی چیدیکە یارییە سیانییەکان دوانەخرێن، بۆ ئەوەش ئەو ماددە و خۆراکانەی لەنێو رووبارەکەدا دەبنە هۆکاری راکێشانی جرجەکان بەخێرایی لادەبرێن و رێڕەوەکانی چوونە دەرەوەی ئاوەکەش پاکدەکرێنەوە.
 
کلێر بۆکس، جێگری سەرۆکی شارەوانیی پاریس کە بەرپرسە لە پاراستنی تەندروستیی گشتی دەڵێت "نامانەوێت جرجەکان لەنێو ببەین، بەڵکو دەمانەوێت لەژێر زەویدا بیانهێڵینەوە کە بۆ پاراستنی ئاوەڕۆکان بەسوودن."
 
پاریس بە یەکێک لە گەورەترین شوێنەکانی کۆبوونەوەی جرج لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، ژمارەی دانیشتووانەکەی 2.2 ملیۆن کەسە و ژمارەی جرجەکانی دوو هێندەی ژمارەی دانیشتووانەکانی زیاترە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە