بەهۆی ژووانی خۆشەویستییەوە مەلەوانێک لە ئۆڵیمپیادی پاریس دوورخرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی سەیر و سەرنجڕاکێشدا، لیژنەی ئۆڵیمپیی بەرازیل بڕیاریدا کچە مەلەزانێکی لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس دووربخاتەوە، پاشئەوەی یەکلابووەوە چووەتە ژووان لەگەڵ خۆشەویستەکەی.
 
کارۆلینا ڤیێرا، خانمە مەلەزانی بەرازیلی، بەبڕیاری لیژنەی ئۆڵیمپیی بەرازیل لە شاندی وڵاتەکە لە پاریس دوورخرایەوە، پاشئەوەی دەرکەوت چووەتە دەرەوەی گوندی ئۆڵیمپی بۆ بینینی خۆشەویستەکەی.
 
رۆژنامەی 'دەیلی مەیلی بەریتانی ئاشکرایکردووە، خانمە مەلەزانە بەرازیلییەکە پاریسی بەجێهێشتووە، پاشئەوەی لیژنەی ئۆڵیمپیی بەرازیل لە بڕیارێکدا ئەوی لە شاندەکەی دوورخستەوە، چونکە لیژنەکەی بۆی یەکلابووەتەوە کە کارۆلینا لە گوندی ئۆڵیمپیی لە پاریس چووەتە دەرەوە، لەپێناو ژووانی خۆشەویستەکەیدا.
 
کارۆلینا بێبەشکراوە لە تەواوکردنی رکابەرییەکانی مەلەوانی لە ئۆڵیمپیادی پاریس و دەستبەجێ رەوانەی بەرازیل کراوەتەوە، لە کاتێکدا لە تەنیا یەک یاریدا بەشدارییکردووە.
 
'دەیلی مەیل' دەڵێ، لیژنەی ئۆڵیمپیی بەرازیل، لێکۆڵینەوەی لە سەرپێچی مەلەوانەکە دەستپێکردووە، دڵنیابووەتەوە لەوەی کارۆلینا بەبێ ئاگاداریی کەس، ناوچەی گوندی ئۆڵیمپیی پاریسی بەجێهێشتووە و لەگەڵ گابریێل سانتۆسی هاوڕێیدا ژووانی هەبووە و شەویش لە دەرەوەی گوندە ئۆڵیمپییەکە ماوەتەوە و لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا لە ناوچەیەکی پاریس ماونەتەوە.
سانتۆسیش مەلەزانێکی بەرازیلییە و ئەندامی شاندی بەرازیل بووە لە ئۆڵیمپیاد، بەڵام ئەو پاش داوای لێبوردنی لە لیژنەی ئۆڵیمپیی وڵاتەکەی، هۆشداری و سەرکۆنەیەکی ئاراستەکراوە و لە پاریس ماوەتەوە، لە کاتێکدا کارۆلینای 22 ساڵان، بەبێ لێدوان بۆ میدیاکان پاریسی بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بەرازیل.
 
بەرازیل تاوەکو ئێستا شەش میدالیای جیاوازی لە ئۆڵیمپیادی پاریس بەدەستهێناوە، لە نێویاندا دوو زێڕ، دوو زیو و سێ میدالیای برۆنز.