ئەو یاریزانەی شەڕی گواردیۆلای کرد و ئێستا کەس پێی رازی نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

جواو کانسێلۆ، بەرگریکاری پۆرتوگالی و یاریزانی یانەی مانچستەر سیتی، دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، دەگەڕێتەوە یانە ئینگلیزییەکە. 
 
جواو، دوای کێشەکانی لەگەڵ پێپ گواردیۆلا، بۆ ماوەی 6 مانگ، رووی کردە یانەی بایرن میونشن، دوای کۆتاییهاتنی ماوەی خواستنەکەی گەرایەوە یانەی مانچێستەر سیتی.
 
سەرەتای کێشەکانی جواو کانسێلۆ لەگەڵ پێپ گواردیۆلا 
 
وەرزی 2022-2023، بە دەستپێکی کێشەکانی یاریزانە پۆرتوگالییەکە دادەنرێت لەگەڵ پێپ گواردیۆلا. 
 
گیلیۆم بالاگی، رۆژنامەڤانی وەرزشی باس لە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکانی نێوان کانسێلۆ و گواردیۆلا دەکات و دەڵێت کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ تووڕەبوونی گواردیۆلا لە یەکێک لە یارییەکان، کاتێک بە کانسێلۆ دەڵێت، "ئاگاداری هێڵی دواوە بە، سەرمەکەوە."
 
لەو یارییەدا کێشەکان گەورەتر دەبن و کانسێلۆ داواکارییەکەی پێپ جێبەجێ ناکات، دوای ئەوە گواردیۆلا ئەو یاریزانە دادەنیشێنێت و بۆ یەکەمجار یاریی بە ریکۆ لویس دەکات، کە تەمەنی ئەوکات 17 ساڵ بوو.
 
پلان و تاکتیکی پێپ لە نیوەی یەکەمی وەرزی 2022-2023
 
پێکهاتەی ئەو کاتەی پێپ 3-2-4-1 بوو، جواو کانسێلۆ لە یەکێک لەو 4 یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست بوو، بە پێی پلانی و تاکتیکی پێپ، دەبوایە ئەو یاریزانە لە کاتی هێرشدا، رۆڵی هێرشبەری بگێڕێت، لە کاتی بەرگریش دا ببوایە بەرگریکاری چوارەم لە باڵی چەپ.
 
پێپ لە چەندین یارییدا، ئەم پلانەی تاقیکردەوە و کانسێلۆی بەکارهێنا، بەڵام بە بیانووی ئەوەی جواو کانسێلۆ، ئەو ئەرکە جێبەجێ ناکات کە پێی دەسپێردرێت، ئەم یاریزانەی کردە یەدەگ و ریکۆ لویسی خستە شوێنەکەی تاوەکو کۆتایی نیوەی وەرزی یەکەم. 
 
کاردانەوەی کانسێلۆ، دوای ئەوەی کرایە یەدەگ
 
لەسەرەتای مانگی نۆڤێمبەری 2022، کانسێلۆ، پێگەی سەرەکی لە تیپەکە لەدەستدا، لە یەکێک لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکاندا گوتی'' من نازانم بۆ لەسەر کورسی یەدەگم، هەمیشە ئەوەم کردووە کە راهێنەرەکەم پێی گوتووم، هیچ بیانویێک نییە کە من لەو بارودۆخەدام'' 
 
ئاریشەکان بەردەوامییان هەبوو، تاوەکو گەیشتە ئەو رادەیەی کانسێلۆ لە 5/11/2022 تاوەکو 3/1/2023، تەنیا لە 3 یارییدا بینرا، ئەوانیش وەکو یاریزان یەدەگ بوو.
 
گواردیۆلا کانسێلۆی دەرکرد! 
 
دوای چەند رۆژێک لەو لێدوانەی کانسێلۆ، گواردیۆلا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ یاریی بەرامبەر مانچستەریونایتد، رایگەیاند، کانسێلۆ نەک بەس بەپێی پلانە تەکتیکییەکان هەڵسوکەوت ناکات، بەڵکو کێشەی لە ژووری جلگۆڕینیش دروستکردووە ، یاریزانێکی زۆر میزاجییە. 
 
دوای ئەم یارییەیان لەبەرامبەر مانچستەر یونایتد، لە یاریزانە پۆرتوگالییەکەیان پرسی، هەڵوێستت چییە لەسەر ئەم قسانەی پێپ؟ 
 
کانسێلۆ بە توندی وەڵامی قسەکانی گواردیۆلای دایەوە و قسەکانیش کاردانەوەی گەورەیان دروستکرد کاتێک گوتی'' پێپ درۆ دەکات! بەڵێ درۆ دەکات!، دەتوانن بچن پرسیار لە ناتان ئاکێ و ریکۆ لویس بکەن، کە ئەو قسانە درۆن یان نا'' 
 
ئەمە دوایین لێدوانی یاریزانی ناوبراو بوو لەگەڵ یانەی مانچێستەرسیتی، پێپ بە دەستەی کارگێری یانەکەی راگەیاند، بە زووترین کات ئەم یاریزانە لە کۆڵ تیپەکە بکەنەوە.
 
لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەم، یانەی بایرن میونشن گرێبەستی لەگەڵ کانسێلۆ کرد بە شیوەی خواستن بۆ ماوەی 6 مانگ، لەوێش نەبووە یاریزانی سەرەکی ئەو یانەیە، چونکە لە ماوەی 3 مانگدا، چەندین گۆڕانکاری لەدەستەی هونەری یانەکەدا کران، یولیان نایگلێسمانی راهێنەر لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، لە شوێنی ئەو تۆماس تۆخێل بووە راهێنەری تیپەکە. 
 
عەشقی چاڤی بۆ کانسێلۆ 
 
وەرزی رابردوو جواو کانسێلۆ رووی کردە یانەی بارسا، بە خواستن بۆ ماوەی یەک وەرز، لەم وەرزەدا کانسێلۆ چەندین بۆشایی بۆ چاڤی هێرناندێزی، راهێنەری یانەکە پڕ کردەوە.
 
لەسەرەتادا لە باڵی راست یاریی کرد و ئاستێکی باشی لە رووی هونەرییەوە پێشکەش کرد، دواتر بەهۆی پێکانی ئەلیخاندرۆ بالدێ، کانسێلۆ لە باڵی تاوەکو کۆتاییهاتنی وەرز لە باڵی چەپ یاریی دەکرد.
 
وەرزی رابردوو یاریزانە پۆرتوگالییەکە لە 42 یاریی بەشداری کرد، رۆڵی هەبوو لە تۆمارکردنی 5 گۆڵ و 4 ئاسیست.
 
بۆ فلیک دوودڵە لە کانسێلۆ؟  
 
یانەی بارسێلۆنا لە وەرزی 2022-2023 لە 38 یاریی خولی ئیسپانیا، تەنیا 20 گۆڵی لێ تۆمارکرابوو ، بەڵام لە وەرزی رابردوو 2023-2024 یانەی بارسێلۆنا لە 38 یارییدا 44 گۆڵی لێ تۆمار کرا. 
 
بە پێی گوتەی شرۆڤەکارانی ئیسپانیا، لە باسی کانسێلۆدا دەڵێن'' خاڵی بەهێزی هێرشبەری بارسا، کانسێلۆیە، وەلێ خاڵی لاوازی بەرگری بارساش هەر کانسێلۆیە'' 
 
ئەمەش هانسی فلیکی راهێنەری نوێی یانەکەی دوودڵ کردووە بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ وەرزی نوێ، بارسا بریاری دا ماوەی خواستنەکەی درێژبکاتەوە بۆ وەرزێکی تر، بەڵام یانەی مانچێستەرسیتی بە یانە کەتەلۆنییەکەیان راگەهاند، تەنیا دەتوانن بە شێوەی هەمیشەیی کانسێلۆ بگوانەوە بۆ ئەوەش پێویستە 25 ملیۆن یۆرۆ بدەنە ئەو یانەیە.