پینتۆس، ریال مەدرید دەباتە سەر مانگ

 
رووداو دیجیتاڵ

توانای بەرزی جەستەیی یاریزانانی ریال مەدرید، ئەو یانەیە دەباتە بۆشایی ئاسمان و تەنانەت سەر مانگیش.
 
ئەمە هەواڵێکە کە لە میدیای ئەمریکیدا جێگەی سەرنجە. رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز'ی ئەمریکی دەڵێ، ئانتۆنیۆ پینتۆس، راهێنەری جەستەیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ناوبانگ و باشیی کارەکەی گەیشتووەتە ئەو رادەیەی، ئاژانسی 'ناسا'ی ئەمریکی هانای بۆ بردووە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئاژانسی 'ناسا' کە کورتکراوەی ناوی ئاژانسی 'نیشتمانیی ئاسمانگەڕی و بۆشایی ئاسمان'ە و سەر بە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، هانای بۆ پینتۆس بردووە بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەندی لە پڕۆگرامی مەشقدانی یاریزانان و جێبەجێکردنی بەسەر ئاسمانگەڕاندا.
 
پینتۆس لە چوارچێوەی پڕۆگرامێکدا بەناوی 'ئارتیمس' لەگەڵ ناسا کاردەکات. ئاژانسەکە دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 1972ەوە جارێکی دیکە مرۆڤ رەوانەی سەر مانگ بکات.
 
ئەو راهێنەرە جەستەییە ئیتاڵییە، لە میانی کەمپی ریال مەدرید لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەردانی سەنتەری جۆنسۆنی کرد کە سەر بە ئاژانسی ناسایە و لە هیوستنی تێکساسە، لەوێ گفتوگۆی لەگەڵ ئاسمانگەڕاندا کرد لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی کارەکەیەوە.
 
'نیویۆرک تایمز' دەڵێ، پینتۆس شێوازە جیاوازەکانی کارکردنی خۆی بەسەر ئاسمانگەڕاندا جێبەجێدەکات کە هاوکاریان دەبێت بۆ پارێزگاری لە توانای جەستەییان لە کاتی بوونیان لە بۆشایی ئاسمان.
 

 

رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، پینتۆس کە یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ریال مەدرید، لە کارەکەی خۆیدا پشت بە تەکنەلۆژیا و شیکردنەوەی داتاکان دەبەستێت و بەسەر یاریزانەکانیدا جێبەجێ دەکات.
 
لە مەدرید پینتۆس بە 'سەرۆک' ناودەبرێت، بەهۆی چڕیی مەشقەکانییەوە بۆ یاریزانان، بەڵام جێگەی رێزێکی زۆرە لەلای یاریزانانی یانەکە، چونکە هۆکارە بۆ باشبوونی ئاستی هەمووان.
 
'نیویۆرک تایمز' زیاتر گوتوویەتی، ناسا دەیەوێت هەموو ساڵێک ئاسمانگەڕەکانی رەوانەی سەر مانگ بکات، هەربۆیە پەنای بۆ ئەزموونی پینتۆس بردووە، لەبەرئەوەی دەیەوێت دڵنیا ببێتەوە لەوەی لە رووی توانای جەستەییەوە ئامادەن و ئامادەییەکەشیان بەهۆی پشتبەستنە بە نوێترین تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنراو لە بوارەکەدا.
 
رۆژنامەکە زیاتر روونیکردووەتەوە، بەر لە دەستپێکردنەوەی یەکەی مەشقی ریال مەدرید بۆ وەرزی نوێ، پینتۆس چووەتە سەنگەری جۆنسۆن کە لەوێ ئاسمانگەڕەکان مەشقدەدرێن، لەوێ هەفتەیەک ماوەتەوە، وردەکاریی چۆنیەتی ئامادەکاریی ئاسمانگەڕەکانی بۆ چوونە بۆشایی ئاسمان بینیوە، هەروەها رێنوێنی داوە لەبارەی کارەکانەوە.
 

 

جۆدیس هایز، گەورە بەرپرسی زانستەکان لە ئاژانسی 'ناسا' دەڵێ، "کاتێک باس دێتە سەر توانستی وەرزشی، هیچ کەس ناتوانێ لە ریال مەدرید باشتر بێت، پینتۆس سامانێکی گەورەی ئەزموونی جیاوازی لەو بوارەدا هەیە".
 
ناسا سەرسامبووە بەشێوازی کارکردنی پینتۆس لە پشتەبەستن بەداتا و زانیارییەکان بۆ تێگەیشتن لە دۆخی توانای جەستەیی یاریزانانی یانەکە. تیمەکەی ئەو سیستمێکی گەورەی داتا و زانیاری و ژمارەیان هەیە کە رێگەیان بۆ ئاسان دەکات تاوەکو بەپێی داخوازییەکانی هەر وەرزێک یاریزانەکان لە رووی جەستەییەوە ئامادە بکەن و بۆ هەر یاریزانێکیش، پلانی مەشقکردن لە کاتی پشووەکاندا دەنێرێت و چاودێری ئەنجامدانی دەکات.
 
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ئامادەسازییەکانی ریال مەدرید لە دوای پشووی هاوین، پینتۆس ماسکی تایبەت بۆ تۆمارکردنی ئاستی ئۆکسجین و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەکاردەهێنێت تاوەکو بەپێی ئەوە پلانی گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی توانای جەستەیی یاریزانانی یانەکە، دابنێت.