عێراق دەیەوێت لە ئۆڵیمپیاددا مێژوو بنووسێتەوە

دوێنێ کاژێر 12:24
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق ئۆڵیمپیادی پاریس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق لەبەردەم هەلێکی مێژووییدایە، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی هەشتی ئۆڵیمپیادی پاریس، کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی مەغریب یاریی دەکەن.
 
ئەمڕۆ ئێوارە، لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی ئۆڵیمپیاددا بۆ یارییەکانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی پیاوان، هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر هەڵبژاردەی مەغریب یاریی دەکات.
 
یارییەکە کاژێر 18:00 لە یاریگەی ئالیانز ریڤێرا لە شاری نیس دەکرێت، براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە راستەوخۆ دەگاتە قۆناخی داهاتووی ئۆڵیمپیادی پاریس.
 
عێراق لە دوو یاریی رابردوودا، سەرکەوتنی بەرامبەر ئۆکراینا بەدەستهێناوە و بەرامبەر ئەرجەنتین دۆڕاوە، مەغریب سەرکەوتنی بەرامبەر ئەرجەنتین بەدەستهێنا و بەرامبەر ئۆکراینا دۆڕا، ئێستا هەریەکەیان خاوەنی سێ خاڵە و براوەی یارییەکە شوێنی خۆی لە قۆناخی داهاتووی رکابەرییەکەدا دەکاتەوە.
 
عێراق لە مێژووی یارییەکانی ئۆڵیمپیاددا چوارجار بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ئەفریقا یارییکردووە، هەرگیز سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە و دەیەوێت بە کردنەوەی ئەو گرێیە مێژووییەکی گەورە تۆماربکات و خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتوو.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە ئۆڵیمپیادی ئەسینای ساڵی 2004 لە تۆپی پێدا بەرامبەر مەغریب یارییکرد و بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ بەو هەڵبژاردەیە دۆڕا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا عێراق لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە 6 خاڵ گەیشتە قۆناخی دواتر و لەو ئۆڵیمپیادەدا باشترین ئەنجامی بەدەستهێنا کە پلەی چوارەم بوو و لە یاریی دەستنیشانکردنی پلەی سێیەم و چوارەم بە ئیتاڵیا دۆڕا.
 
رازی شنێشل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق بەر لە یارییەکە گوتی "یارییەکە بۆ ئێمە مێژووییە، هەڵبژاردەی مەغریب تیپێکی بەهێزە، بەڵام ئێمەش توانای رکابەریکردنمان هەیە و دەتوانین تووشی کێشەیان بکەین."
 
عەلی جاسم، ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەی عێراق بەر لە یارییەکە گوتی "هەڵبژاردەی مەغریب خاوەنی تیپێکی بەهێزە، بەڵام 11 یاریزان بەرامبەر 11 یاریزان یاریی دەکات و ئێمە ئامادەین بۆ یارییەکە."




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە