کاسی فێر.. بچووکترین کچە یاریزان لە مێژووی مۆندیالی خانماندا

30-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کاسی فێر مۆندیالی خانمان 2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کاسی فێر، خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی کۆریای باشوور، بە بەشداریکردن لە مۆندیالی خانمانی 2023 کە ئێستا یارییەکەکانی بە هاوبەشی لە ئوسترالیا و نیوزیلەندا بەڕێوەدەچن، ناوی خۆی لە مێژووی مۆندیالدا تۆمارکرد و بووە بچووکترین خانمە یاریزان لە مێژوودا بەشداری لە مۆندیالدا بکات.
 
کاسی لە یەکەم یاریی هەڵبژاردەکەیدا بەرامبەر کۆلۆمبیا لە خولەکی 78 وەک یاریزانی یەدەگ چووە نێو یاری، کە سەرەڕای ئەوەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕان، بەڵام خۆی لەو ماوە کەمەی بەشدارییەکەیدا ئاستێکی باشی پێشکێشکرد و لەسەر ئاستی کەسی مێژوویەکی گەورەی بۆ خۆی تۆمارکرد.
 
ئەو خانمە یاریزانە، کە بەڕەچەڵەک ئەمریکییە، لە تەمەنی 16 ساڵ و 26 رۆژیدا یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالی خانماندا ئەنجامدا، کە پێشتر هیچ یاریزانێکی ئافرەت لەو تەمەنەدا بەشداری لە مۆندیالی خانماندا نەکردووە.
 
بەم بەشدارییە، فێری ریکۆردی ئیڤیانێ شیگێنی خانمە یاریزانی نایجیری شکاند، کە پێشتر بچووکترین خانمە یاریزان بوو بەشداری لە مۆندیالدا بکات. ئیڤیانی لە ساڵی 1999 لە تەمەنی 16 ساڵ و 34 رۆژدا بەشداری لە مۆندیالدا کرد، واتا جیاوازیی نێوانیان تەنیا 8 رۆژە.
 
فێری لە ئەمریکا لە باوکێکی ئەمریکی و دایکێکی کۆری لەدایکبووە و وڵاتینامەی هەردوو وڵاتی هەیە، بەڵام بڕیاریدا بۆ وڵاتی دایکی یاری بکات و بووە یەکەم خانمە یاریزانی رەچەڵەک جیاواز یاریی بۆ هەڵبژاردی خانمانی کۆریای باشوور بکات.
 
کۆرییەکان زۆر سەرسامن بە فێری و پێیانوایە ئەم خانمە دەبێتە داهاتووی هەڵبژاردەی خانمانی کۆریا، کە ئەو وڵاتە ئێستا بایەخێکی زۆر بە تۆپی پێی خانمان دەدات.
 
ئەو کچە نیوە ئەمریکی و نیوە کۆرییە، یاریزانێکی خێرایە، بەهێز و خاوەن توانایەکی جەستەیی بەهێزە، کە بەشایەتی کۆلین بەیلی راهێنەری هەڵبژاردەی کۆریای باشوور، فێر شایەنی ئەوەیە زیاتر یاری بکات، بەڵام وەک خۆی گوتی، دەیەوێ هەندێک لەو گوشارانە بیپارێزێت، کە میدیاکان لەسەریان دروستکردووە.
 
فێر لەگەڵ هیچ تیپێکدا یاری ناکات، بەو پێیەی ئێستا لە ئەکادیمیایەکی ئەمریکی مەشق دەکات بۆ ئەوەی ئاستی خۆی پەرەپێبدات و ئەزموونی زیاتر بەدەستبهێنێت، هەر بۆیە ئەگەری هەیە چەند یانەیەکی خانمان لە ئەوروپا داوای گرێبەست لە خانمە یاریزانی تەمەن 16 ساڵی بکەن. 
 
بێگومان کاسیش دوای کۆتایی هاتنی مۆندیال چاوەڕێی ئەو دەرفەتە زێڕینە دەکات، بۆ دەستپێکردنی گەشتە پیشەگەریەکەی لە فۆرمێکی فەرمیدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە